هەفتەی داهاتوو عەلی زەیدی سەردانی فەرەنسا و ئەڵمانیا دەکات

 گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند، سەرەتای هەفتەی داهاتوو، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی هەردوو وڵات لەسەرووی شاندێکی باڵای فەرمییەوە سەردانی فەرەنسا و ئەڵمانیا دەکات.

حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ـی ئەیلوولی 2026 رایگەیاند، ئەم گەشتە ئەورووپییە لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و یەکێتیی ئەورووپادایە، لە دیدارەکاندا گفتوگۆ لەسەر پتەوکردنی هاریکاریی دووقۆڵی لە بوارەکانی ئابووری، وەبەرهێنان، بازرگانی، وزە، پیشەسازی، تەکنەلۆجیا، کولتووری و پەروەردەیی دەکرێت، لە هەمان کاتدا چەندان دۆسیەی سیاسی، ئەمنی و پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییە هاوبەشەکان تاوتوێ دەکرێن.

حەیدەر عەبوودی رایگەیاند، ئامانجی سەرۆکوەزیران لەم سەردانە، بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی بەغدایە لەگەڵ پاریس و بەرلین، هەروەها بەرزکردنەوەی ئاستی هاوبەشیی ئابووری و گەشەپێدانە، لەگەڵ کردنەوەی دەرفەتی نوێ لەبەردەم کۆمپانیا فەرەنسی و ئەڵمانییەکان بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژەکانی عێراق و جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەت بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و گەشەپێدانی کەرتە خزمەتگوزاری و بەرهەمهێنەرەکان.

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق گوتیشی: ئامانجێکی دیکەی سەردانەکە، گۆڕینی لێکتێگەیشتنە هاوبەشەکانە بۆ رێکاری کردەیی و هاوبەشیی مەیدانی، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەش بکات و پاڵپشت بێت بۆ راکێشانی وەبەرهێنان و سوودوەرگرتن لە پسپۆڕیی و ئەزموونی وڵاتان لە کەرتە پێشینەدارەکاندا.

لە کۆتاییدا جەختیکردەوە، ئەم گەشتە لە چوارچێوەی دیدگای حکوومەتدا دێت بۆ فراوانکردنی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان، بنیاتنانی پەیوەندیی دەرەکیی هاوسەنگ لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش، و بەکارهێنانی ئەو پێوەندییانە بۆ پاراستنی سەقامگیری، گەشەپێدان و بەرزکردنەوەی پێگەی هەرێمی و نێودەوڵەتیی عێراق.