رۆیتەرز: حووسییەکان لە کۆنترۆڵکردنی گەرووی بابولمەندەب نزیک دەبنەوە
ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" لە زاری دوو سەرچاوەی بەرپرس لە حکوومەتی یەمەنەوە بڵاویکردەوە، چەکدارانی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حووسییەکان) گەیشتوونەتە دوورگەکانی زوقەر و حەنیشی گەورە و بچووک لە باشووری دەریای سوور لە بەرامبەر کەناراوەکانی ئەریتریا، ئەمەش وایکردووە لە کۆنترۆڵکردنی گەرووی ستراتیژیی بابولمەندەب زۆر نزیک ببنەوە.
پێنجشەممە 10ـی ئەیلوولی 2026، سەرچاوەکان رایانگەیاند،، گەیشتنی حووسییەکان بۆ ئەم دوورگانە دوای دەستبەسەرداگرتنی کەناراوی مۆخا دێت، هاوکات کشانەوەی هێزەکانی تاریق ساڵح، کە کۆنترۆڵی مەخایان دەکرد بەرەو ئاراستەی جیاواز، وەک گەورەترین پێشهاتی مەیدانی لە قەڵەم دراوە، کە بە گوتەی خۆیان ئەو کشانەوەیە بە مەبەستی پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی نوێ بووە لە شوێنێکی پارێزراودا دوای پێشڕەوییە خێراکانی حووسییەکان.
لە لایەکی دیکەوە، محەمەد عەبدولسەلام، گوتەبێژی حووسییەکان لە سۆشیاڵ میدیای ئێکس رایگەیاند، هاتوچۆی کەشتیوانی و بازرگانیی نێودەوڵەتی لە دەریای سوور و بابولمەندەب ئاسایی و پارێزراوە، و هیچ مەترسییەک لە لایەن یەمەنەوە لەسەر کەشتییەکان نییە، عەبدولسەلام گوتیشی، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان ئامانجی دیاریکراویان هەیە و لە چوارچێوەی بەرگری لەخۆداندان، و هەر کاتێک هێرش و گەمارۆکانی سەر یەمەن کۆتاییان پێهات، ئۆپەراسیۆنەکانی ئەوانیش رادەوەستن.
بەشێوەیەکی مەیدانی، بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا کۆنترۆڵکردنەوەی میحوەرەکانی حەیس و خەوخەی راگەیاند، کە پارێزگاکانی تەعیز و حودەیدە پێکەوە دەبەستنەوە و وەک دەروازەی سەرەکی دادەنرێن لە حودەیدەوە بەرەو تەعیز.
هاوکات لە پارێزگای تەعیز، پێکدادانی توند لە چەندان بەرەی رۆژئاوای پارێزگاکە لەوانە (بەرەح، مەقبەنە، مۆزع، کەدحە و وازعیە) روویداوە، سەرەڕای ئەوەی هێزی ئاسمانیی هێزە حکوومییەکان چەندان جار کاروانی گەیاندنی کەرەستە و چەکی حووسییەکانی بەئامانجگرت و شەڕێکی قورس بۆ کۆنترۆڵکردنی رێگەی نێوان تەعیز و مەخا بەڕێوەچوو، بەڵام پێشڕەوییەکانی ئەنساروڵڵا لەسەر زەوی هاوکێشە مەیدانییەکانی بە قازانجی خۆی گۆڕیوە.