ئێران بۆ سعوودیە و پاکستان: پێویستە پێکەوە رێگری لە فراوانبوونی ئاڵۆزییەکان بکەین

 وەزیری دەرەوەی ئێران، لە دوو پێوەندیی تەلەفۆنیی جیاوازدا لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعوودی و عاسم مونیر، فەرماندەی گشتیی سوپای پاکستان، دوایین پێشهاتەکان و مەترسیی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەی تاوتوێ کرد.

پێنجشەممە 10ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە پێوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و هاوتا سعوودیەکەیدا، هەردوولا رایانگەیاند، گرژییەکان و نائارامی لە ناوچەکەدا تەشەنەیان سەندووە.

 هاوکات جەختیان لە بەردەوامیی هاریکاری و هەوڵە دیپلۆماسییەکان کردەوە، بە مەبەستی رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری ئاڵۆزییەکان و گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ تەواوی ناوچەکە.

لە لایەکی دیکەشەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران و فەرماندەی سوپای پاکستان لە پێوەندییە تەلەفۆنییەکەیاندا بە وردی باسیان لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی زیادبوونی گرژییەکان لەسەر ئاشتی و سەقامگیریی هەرێمی کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی وریایی و هەماهەنگیی بەردەوامی وڵاتانی ناوچەکە کردەوە بەرامبەر بە گۆڕانکارییەکان، و داوایان کرد سەرجەم توانا و دەرفەتە هاوبەشەکان بەکارهێندرێن بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایشی بەردەوام.

ئەم پێوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان ئێران، سعوودیە و پاکستان لە کاتێکدایە، ئاڵۆزیی و گرژییەکانی ناوچەکە بە تایبەت لە گەرووی هورمز لە پەرەسەندندایە و چەندان هێرش لە لایەن ئەمریکاوە بۆ سەر دوورگە و کەشتییە نەوتییەکانی ئێران کراوە، لە بەرامبەردا تاران، بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر بنکە و پێگەکانی ئەمریکا لە کەنداو.