حەسەن حەسەنزادە: قۆناخی بەرگریمان تێپەڕاندووە و ئامادەین بۆ هێرشکردن

 فەرماندەی فەیلەقی تارانی گەورەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، لە میانی مانۆڕێکی سەربازیدا رایگەیاند، هێزەکانیان لە قۆناخی بەرگرییەوە چوونەتە قۆناخی هێرشبردن و چەندان یەکەی تایبەتیان بۆ جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی هێرشبەرانەی بروسکەیی و بەپەلە پێکهێناوە.

هەینی 11ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی تەسنیم، حەسەن حەسەنزادە، فەرماندەی فەیلەقی تارانی گەورەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، لە گوتارێکدا لەبەردەم تیمەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سوپای پاسداران لە تاران گوتی: ئێمە قۆناخی رووبەڕووبوونەوەی بەرگریمان تێپەڕاندووە و لە بەردەم دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی هێرشبەریدان، ئەمەش وەرچەرخانێکی ستراتیژییە و دووژمنان زۆر بە زوویی لێکەوتەکانی دەبینن، گوتیشی،” پێشتر نەیارانی وڵاتەکە بانگەشەی رووخانی ئێرانیان دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ کەشتی و هێزەکانی ئەمریکا لە کەنداو و گەرووی هورمز لە ژێر کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی سوپای پاسداران و سوپای ئێراندان و لە دڵەڕاوکێی بەردەوامدا شەو و رۆژ بەسەر دەبەن”.

فەرماندەی فەیلەقی تاران روونیکردەوە، بەهۆی راهێنانە چڕەکانەوە، ئێستا هێزەکانیان لە تەواوی ئامادەباشیدان بۆ ئەوەی بە خێراییەکی زۆر لە هەر شوێنێکی وڵاتدا بێت ئامادە بن و لە هەر بارودۆخێکدا دووژمن تێکبشکێنن، گوتیشی: سەرکەوتن تەنیا بە چەک و تەکنەلۆژیا نییە، بەڵکو بە باوەڕ و خۆڕاگری دەستەبەر دەبێت، هەرچەندە لە بواری مووشەکی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کەرتی دەریاییدا ئێران گەیشتووەتە ئاستێک کە هەموو پیلانەکانی دووژمنی لەبار بردووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، حەسەنزادە ئاشکرایکرد، لە 18ـی ئەیلوولدا مانۆڕێکی بەرفراوان بە ناوی "فیداکاری بۆ ئێران" بە بەشداریی 313 هەزار کەس لە هێزە خۆبەخشەکان و پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەوەی ئیرادە و ئامادەیی گەلی ئێران لە بەرامبەر هەر پەلامارێکی دەرەکی نیشانی جیهان بدەن.

لە کۆتایی قسەکانیدا، فەرماندەی فەیلەقی تارانی سوپای پاسداران جەختیکردەوە،، ئێران باڵادەستیی ئەمریکای لە ناوچەکە و جیهاندا تێکشکاندووە و ئێستا وەک جەمسەرێکی بەهێزی بەرگری و یەکێک لە چوار هێزە کاریگەرەکەی هاوکێشە جیهانییەکان دادەنرێت، بە جۆرێک ئەمڕۆ بە ئیرادەی هێزەکانی ئێران بەڕێوەبردنی شادەماری وزە لە گەرووی هورمز دیاری دەکرێت.