سیپان حەمۆ سەرکۆنەی کوشتنی سامی حەسۆ دەکات و داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکات

یاریدەدەری وەزیری بەرگری سووریا، لە پەیامێکدا سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی خۆی بۆ شەهیدبوونی سامی شێخمووس حەسۆ، ناسراو بە "سیپان" دەربڕی کە بە شێوازێکی دڕندانە لەلایەن ئەندامانی هۆزێکی عەرەبییەوە کوژرا، هاوکات داوای لە هاووڵاتییان کرد دان بەخۆیاندا بگرن تا رێگری لە دروستبوونی فیتنە و ئاژاوە لە ناوچەکەدا بکرێت.

هەینی 11ـی ئەیلوولی 2026، سیپان حەمۆ، یاردەدەری وەزیری بەرگری سووریا، لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، قوربانییەکە شەڕڤانێکی لیوای حەسەکە بووە و ساڵانێکی زۆری تەمەنی خۆی لە پێناو پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و خەڵکەکەیدا بەخشیوە، گوتیشی: بە دڵێکی پڕ لە خەم و پەژارەوە، پرسە و سەرەخۆشیی گەرمی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی شەهید سیپان (سامی شێخمووس حەسۆ) دەکەم کە لە ئەنجامی تاوانێکی دڕندانە شەهید کرا.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سیپان حەمۆ بە توندی سەرکۆنەی هەر گوتارێکی میدیایی هاندەری کرد کە بانگەشە بۆ توندوتیژی و کوشتن بکات، هاوکات داواشی لە تەواوی خەڵک کرد ئارامگری پێشان بدەن و دان بەخۆیاندا بگرن و نەکەونە داوی هەوڵەکانی هەڵگیرساندنی فیتنە و ئاڵۆزی.

سەبارەت بە رێکارە یاسایی و ئەمنییەکانیش، سیپان حەمۆ روونیکردەوە، دەزگا پەیوەندیدارەکان دەستبەجێ توانیویانە ژمارەیەک لە تۆمەتبارانی ئەم تاوانە دەستگیر بکەن، و هەوڵە ئەمنییەکانیش بەردەوامن تا دەستبەسەرکردنی سەرجەم بەشداربووان، بۆ ئەوەی رادەستی دەسەڵاتی دادوەری بکرێن و بەپێی یاسا دادگاییەکی دادپەروەرانە بکرێن کە هاوتای قەبارەی تاوانە دڕندانەکەیان بێت.