فڕۆکەخانەی بەسرە سەرجەم گەشتەکانی بۆ ئێران راگرت

فڕۆکەخانەی بەسرە سەرجەم گەشتەکانی بۆ ئێران راگرت فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ ئێران راگرت و لە هەمان کاتدا دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە پارێزگای خوزستان داخران.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی "فارس"، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەکانی ئێران تاوەکوو کاتێکی نادیار راگرتووە. ئەم بڕیارە کتوپڕەی عێراق کێشەی بۆ هاتوچۆی گەشتیاران دروست کردووە. لەوانەش گەشتی شاندی یانەی تۆپی پێی ئیستقلالی ئێرانی بڕیار بوو کاتژمێر 02:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 12ـی ئەیلوول، تاران بەرەو بەسرە جێبهێڵن، بەڵام بەهۆی راگرتنی گەشتەکانەوە پەک خراوە.

لە لایەکی دیکەوە وەلیوڵڵا حەیاتی، جێگری پارێزگاری خوزستان، رایگەیاند، بەپێی ئاگادارکردنەوەی لایەنی عێراقی، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە دەروازە سنوورییەکانی شەلەمچە و چەزابە تاوەکوو کاتێکی نادیار داخراون. 

باسی لەوەش کرد، هیچ جۆرە هاتوچۆیەکی گەشتیاری و بارهەڵگری بازرگانی لەو سنوورانەوە ناکرێت و بڕیارەکە تاوەکوو ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە بەردەوام دەبێت.

پارێزگای بەسرە لە باشووری عێراق هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگای خوزستان لە باشووری رۆژئاوای ئێران. دەروازە سنوورییەکانی شەلەمچە و چەزابە بە دوو لە گرنگترین دەروازە بازرگانی و گەشتیارییەکانی نێوان هەردوو وڵات دادەنرێن. رۆژانە هەزاران گەشتیار، زیارەتکار و سەدان بارهەڵگری بازرگانی لەم دوو دەروازەیەوە هاتوچۆ دەکەن و ئاڵوگۆڕێکی گەورەی ئابووری لە نێوانیاندا هەیە.

هەروەها فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە وێستگەیەکی گرنگە بۆ گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و شارەکانی ئێران، بەتایبەتی تاران و مەشهەد. زۆرجار بەهۆی رووداوە ئەمنییەکان، قەیرانە سیاسییەکان یان قەرەباڵغیی زۆری زیارەتکاران لە بۆنە ئایینییەکاندا، دەسەڵاتدارانی هەردوو وڵات ناچار دەبن بە شێوەیەکی کاتی سنوورە وشکانییەکان و گەشتە ئاسمانییەکان دابخەن بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی پشێوی.

  داخستنی ئەم دەروازانە و راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان کاریگەریی خێرای لەسەر جووڵەی بازرگانی و گەشتیاری دەبێت و بەشێوەیەکی کاتی زیانی دارایی بە کۆمپانیاکانی گواستنەوە و کەرتی ئابووریی هەردوو وڵات دەگەیەنێت، بۆیە هەردەم هەوڵ دەدرێت لە زووترین کاتدا کێشەکان چارەسەر بکرێن و هاتوچۆ ئاسایی ببێتەوە.