بەقایی: گەرووی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی ئێمەدایە و لێپرسینەوە لە سعوودیە و ژاپۆن دەکەین
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، گەرووی هورمز بە تەواوی لەژێر دەسەڵات و کۆنترۆڵی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەیدایە و بەرپرسیارێتیی ناسەقامگیری و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە جیهاندا دەخاتە ئەستۆی ئەمریکا، هاوکات هۆشداری دایە هەریەک لە سعوودیە و ژاپۆن لەسەر دەنگدانیان بە بڕیارنامەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دژ بە تاران.
شەممە 12ـی ئەیلوولی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند: "گەرووی هورمز بە تەواوی لەژێر دەسەڵاتی هێزە چەکدارەکانی ئێران دایە. تا پێش 28ـی شوبات گەرووەکە بە تەواوی کراوە بوو، بەڵام ئێران لە دۆخێکدا بوو کە ناچار بوو بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی رێکاری پێویست بگرێتەبەر".
ناوبراو گوتیشی: "دوای لەیەکگەیشتنی ئیسلامئاباد دۆخی گەرووەکە تا رادەیەک ئارام بووەوە و ئێمە پابەندی بەڵێنەکانمان بووین، بەڵام ئەمریکا دوای 23 رۆژ بەڵێنەکانی شکاند، لەبەر ئەوە، ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نیگەرانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و سووتەمەنییە، پێویستە لۆمەی واشنتن بکات نەک ئێران".
هۆشداری بە سعودیە و ژاپۆن
سەبارەت بە بڕیارنامەی ئەمدواییەی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دژ بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەخنەی توندی لە وڵاتانی رۆژئاوا گرت و دەنگدانی ریاز و تۆکیۆی لە دژی تاران بە "بێ پاساو" ناوبرد.
بەقایی لەمبارەیەوە جەختی کردەوە: "دەنگدانی سعوودیە و ژاپۆن هیچ پاساوێکی نییە و ئەو دوو وڵاتە بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانی ئەو بڕیارە لە ئەستۆ دەگرن، ئێمەش لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکەین".
ئاسایشی ناوچەکە و رۆڵی وڵاتانی کەنداو
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، گەرووی هورمز دەبێتە یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی کۆبوونەوە هەرێمییەکان و گوتی: "تاران و مەسقەت بەم زووانە روونکردنەوە لەسەر رێڕەو و ئەنجامی راوێژەکانی نێوانیان دەدەن. ئامانجمان بەدیهێنانی ئاسایشێکی هاوبەشە لە ناوچەکەدا".
گوتیشی: "کاتی ئەوە هاتووە گفتوگۆ لەسەر ئاسایشێک بکرێت کە سەرچاوەکەی لەناو خودی ناوچەکەوە بێت، دەبێت وڵاتانی کەنداو رێگە نەدەن خاکیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکار بهێنرێت و پێویستە بەرپرسیارێتی ئەو زیانانەش هەڵبگرن کە بەر ئێران کەوتوون".
پرسی یەمەن، دوورگەکان و پەیوەندی لەگەڵ چین
سەبارەت بە دۆخی یەمەن، بەقایی ئاماژەی بەوە کرد، یەمەنییەکان گەلێکی ئازادن و دوای ساڵانێکی زۆر لە گەمارۆدان، خۆیان بڕیاریان داوە ئەو گەمارۆیە بشکێنن، هاوکات تۆمەتەکانی ئەمریکای لەبارەی دەستتێوەردانی ئێران رەتکردەوە.
دەربارەی کێشەی سێ دوورگەکەی کەنداو (ئەبو موسا، تەنبولکوبرا و تەنبوسوغرا)، بەقایی دووپاتی کردەوە، ئەو دوورگانە بە فەرمی بەشێکن لە خاکی ئێران و تا هەتایە بە ئێرانی دەمێننەوە، راگەیەندراوەکانی کۆمکاری عەرەبیش لەو بارەیەوە هیچ لە واقیعەکە ناگۆڕن.
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ چین کرد و جەختی لەوە کردەوە، هەردوو وڵات هەوڵەکانیان لە چوارچێوەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک "بریکس" و "شانگهای" بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی ئەمریکا چڕتر دەکەنەوە.