پەیامنێری کوردستان24: سبەی واژۆی خەرجکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکرێت
پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، سبەی لە وەزارەتی دارایی عێراق واژۆ لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، هاوکات بەرپرسانی وەزارەتەکە دڵنیاییان داوە کە پارەی نەختینە بۆ مووچە بە تەواوی ئامادەیە و پێشبینی دەکرێت لە نێوان 830 بۆ 840 ملیار دینار ڕەوانەی هەولێر بکرێت.
شەممە 12ی ئەیلوولی 2026، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا لە زاری سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە ئاشکرای کرد، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو رەزامەندیی وەزیری دارایی عێراق وەرگیراوە، و سبەی یەکشەممە بڕیاری خەرجکردن و تەمویلکردنی مووچەی مانگی ئاب (مانگی هەشت)ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان واژۆ دەکرێت.
پەیامنێری کوردستان24 روونی کردەوە کە تەنیا چەند رێکارێکی کەم لەناو بەشەکانی وەزارەتی دارایی عێراقدا ماون؛ سبەی نووسراوەکە دەچێتە بەشی ژمێرکاری بۆ واژۆکردن، پاشان ئاراستەی بەشی بودجە دەکرێت بۆ تەرخانکردنی بڕی پارەکە، لە کۆتاییشدا بەشی پارەدارکردن ئاگادار دەکرێتەوە تاوەکو پارەکە بخاتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
ئاماژەی بەوەش کرد ئەگەر سبەی پێش کۆتاییهاتنی دەوامی فەرمی ئەو رێکارانە تەواو ببن، پارەکە هەر سبەی دەخرێتە سەر هەژمارەکە.
سەبارەت بە قەبارەی تەمویلەکە، هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو و دوای لێبڕینی 120 ملیار دینار، پێشبینی دەکرێت بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە نێوان 830 بۆ 840 ملیار دینار بێت.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دەنگۆی نەبوونی پارەی کاش، سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاندووە، هیچ کێشەیەکی نەختینە لە ئارادا نییە و تەواوی پارەی پێویست کۆکراوەتەوە و لەبەردەستدایە، تەنیا ئەوە ماوەتەوە سبەی بەشە پەیوەندیدارەکانی ناو وەزارەتی دارایی کارەکانیان تەواو بکەن.