هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا بەرزبووەتەوە
ئیدارەی وزەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، عێراق لە هەفتەی رابردوودا پلەی دەیەمی لیستی گەورەترین دابینکەرانی نەوتی خاو بۆ ئەمریکای گرتووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، ئیدارەی وزەی ئەمریکا رایگەیاند، کەنەدا بە دابینکردنی 3 ملیۆن و 926 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، لە پلەی یەکەمی لیستەکەدایە. ڤێنێزوێلا بە 599 هەزار، سعوودیە بە 347 هەزار، مەکسیک بە 297 هەزار و کۆڵۆمبیا بە 239 هەزار بەرمیل نەوت، پلەکانی دووەم تا پێنجەمیان گرتووە.
لە ریزبەندییەکەدا، بەرازیل بە 235 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا لە پلەی شەشەم دێت، نێجیریا بە 232 هەزار لە پلەی حەوتەم، ئەرجەنتین بە 173 هەزار لە پلەی هەشتەم و گویانا بە 65 هەزار بەرمیل لە پلەی نۆیەمدا دێن. عێراق بە دابینکردنی 46 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا لە پلەی دەیەمدا جێگیر بووە، ئەم بڕەش بەراورد بە هەفتەی پێشوو کە 38 هەزار بەرمیل بوو، بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە.
ئەم بەرزبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە هەناردەی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا لە هەفتەکانی رابردوودا بەهۆی ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ناوچەکە و ئاستەنگبوونی رێڕەوی وزە لە گەرووی هورمز، گەیشتبووە سفر.