ئێران: ئەگەر جەنگ بەردەوام بێت بە تەکنەلۆژیایەکی زۆر پێشکەوتووتر وەڵام دەدەینەوە

وەزیری بەرگریی ئێران بە وەکالەت رایگەیاند، ئەگەر جەنگێکی نوێ بەسەر وڵاتەکەیدا بسەپێنرێت، ئێران بە تەکنەلۆژیایەکی زۆر بەهێزتر و پێشکەوتووتر لە جەنگەکانی رابردوو دەچێتە نێو جەنگەکەوە، هاوکات لێدوان و هەڕەشە بەردەوامەکانی بەرپرسانی ئەمریکای بە بێ بەها و نیشانەی پەککەوتن و ئیفلیجبوونی دەزگا هەواڵگرییەکانی واشنتن لەقەڵەم دا.

یەکشەممە 13ـی ئەیلوولی 2026، عەمید سەید مەجید ئیبنولڕەزا، وەزیری بەرگریی ئێران بە وەکالەت، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەرانی دامەزراوە پیشەسازییەکانی وەزارەتی بەرگری رایگەیاند: "هەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکا وا دەزانن بە دووبارەکردنەوەی هەڕەشە دەتوانن ئیرادەمان بگۆڕن یان کۆماری ئیسلامیی ئێران بترسێنن، بەڵام ئەوان بە تەواوی لە هەڵەدان".

ئیبنولڕەزا روونیکردەوە، دەستپێوەگرتنی واشنتن بە هەڕەشە کۆنەکان لەبری ئەوەی نیشانەی هێز بێت، بەڵگەیە لەسەر ئیفلیجبوونی دەزگا هەواڵگری و شیکارییەکانی ئەمریکا و نەمان و پووکانەوەی عەقڵانییەتیان لە خوێندنەوەی راستییەکانی مەیداندا، چونکە لە رووی ئۆپەراسیۆنییەوە ئەو هەڕەشانە هیچ بەهایەکیان نییە و تەنیا وەک پەیامی سیاسی دەردەکەون کە هیچ هێزێکی سەربازیی راستەقینەیان لە پشتەوە نییە.

سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە و پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکان، وەزیری بەرگریی ئێران بە وەکالەت جەختیکردەوە، ئێران لە رابردوودا هەڕەشە نەبووە و لە داهاتووشدا نابێتە مەترسی بۆ سەر گەلانی ناوچەکە و وڵاتانی دراوسێ، بەڵکو هەمیشە بە دانایی و ژیری جیاوازیی لەنێوان دۆست و نەیارەکانی کردووە، ئەو ئاڵۆزییانەی ئێستاش دەبینرێن دەرەنجامی هەڵسەنگاندن و سیاسەتە هەڵەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلن.

 گوتیشی: "بە متمانەیەکی زۆر بەرزەوە دەڵێم، ئەگەر ئەمڕۆ جەنگێکی دیکە رووبدات، کۆماری ئیسلامی لە رووی تەکنەلۆژییەوە زۆر بەهێزتر و پێشکەوتووتر لە جەنگەکانی رابردوو مامەڵە دەکات. ئەوانەی پێیان وایە بەردەوامیی کارکردنی هێڵەکانی بەرهەمهێنانی چەک لە وڵاتەکە تەنیا پروپاگەندەی میدیاییە، لە مەیداندا توانا سەربازییەکانمان دەبینن، چونکە ئەوەی تا ئێستا پێشان دراوە تەنیا بەشێکی بچووکە لە توانا و پیشەسازیی بەرگریی راستەقینەی ئێران".

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، وەزیری بەرگریی ئێران بە وەکالەت دووپاتیکردەوە، ئێران لە هەر قۆناخێکی مێژوویی بەهێزتر، یەکگرتووتر و هۆشیارترە، هەماهەنگییەکی تەواو و بێوێنە لە نێوان هەموو جومگەکانی دەوڵەتدا هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک بە پشتبەستن بە توانا، داهێنان و پیشەسازییە سەربازییە ناوخۆییەکان.