سعوودیە: ئاسایشی کەنداو بەبێ رێزگرتن لە سەروەریی ئەندامەکانی جێگیر نابێت

 وەزیری دەرەوەی سعوودیە رایگەیاند، ئاسایش و سەقامگیریی کەنداو نایەتە دی ئەگەر رێز لە سەروەری و سەربەخۆیی دەوڵەتەکانی نەگیرێت و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیاندا رانەگیرێت.

یەکشەممە 13ـی ئەیلوولی 2026، فەیسەڵ فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیە لە لێدوانێکدا جەختیکردەوە، ئاسایشی سعوودیە بابەتێکە دەستکاریکردن هەڵناگرێت و هێڵی سوورە، هاوکات وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەن خاکەکەیان بکرێتە ئامانجی هیچ پەلامارێک".

لە هەمان کاتدا، فەیسەڵ فەرحان دووپاتیکردەوە، پێویستە ئازادیی کەشتیوانی و سەلامەتیی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز و سەرجەم رێڕەوە ئاوییەکاندا بە تەواوی دەستەبەر بکرێت.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، وەزیری دەرەوەی سعوودیە هۆشداریی دا، لەوەی هەر تێکچوون و ئاڵۆزییەک لە رێڕەوە دەریاییەکاندا رووبدات، لێکەوتەکانی فراوان دەبن و بازاڕەکانی جیهان، زنجیرەکانی دابینکردن و گەشەی ئابووریی جیهان دەگرێتەوە.

ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی سعوودیە دوای ئەوە هات، حکوومەتی سعوودیە رایگەیاند، هەینی لە عێراقەوە بۆری نەوتی وڵاتەکە بە درۆن کراوەتە ئامانج، هەروەها لە یەمەنەوە حووسییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ریاز بەردەوامە و لە دەریاشدا رێگری لە گواستنەوەی نەوتی ئەو وڵاتە دەکەن.