هاکان فیدان: ئیسرائیل دەیەوێت سووریا ناسەقامگیر بکات
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا لە ئاییندەیەکی نزیکدا سەردانی سووریا دەکات، هاوکات داوای کرد پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا، بەبێ بەفیڕۆدانی کات لەسەر زەوی جێبەجێ بکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ دیمەشق، لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە و دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەیان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا وەڵامی پرسیاری میدیاکارانیان دایەوە.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، هاکان فیدان ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا گەشەکردنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و گوتی "سووریا تەنیا لەگەڵ تورکیا نا، بەڵکو پێویست بوو دەستپێکێکی نوێ لەگەڵ تەواوی جیهاندا بکات؛ سووریای نوێش سەقامگیری و ئاشتی بۆ ناوچەکە دەهێنێت."
فیدان جەختی لەوە کردەوە کە سووریا هەوڵێکی گەورە دەدات بۆ پەرەپێدانی هاریکارییەکانی لە سەرجەم بوارەکاندا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، هاوکات ئاشکرای کرد: "لە داهاتوویەکی نزیکدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی سووریا دەکات."
سەبارەت بە دۆسیەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، وەزیری دەرەوەی تورکیا تێکەڵکردنی ئەو هێزانەی لەنێو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا بە "هەنگاوێکی بەرهەمدار" ناوبرد و گوتیشی "ئەمە وەڵامێکی گرنگە بۆ هەوڵە بنیاتنەرەکانی حکوومەتی سووریا، پێویستە ئەم هەنگاوە بێ بەفیڕۆدانی کات بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و پیادە بکرێت. سووریا بەتایبەتی لە کەرتی ئابووریدا پێشکەوتنی گرنگ بەدەستدەهێنێت، هاوکات دۆسیەی ئەتۆمیی سووریاش داخراوە."
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، فیدان باسی لە گرژییەکانی ناوچەکە کرد و گوتی "ئیسرائیل بە هێرشەکانی دەیەوێت ناسەقامگیری لە سووریادا دروست بکات، هەروەها هاوکاریی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک داعش دەکات، ئێمە دەزانین دەستی ئیسرائیل لەو ناسەقامگیرییەدا هەیە کە لێرە دروست دەبێت، تەنانەت خۆشیان نکۆڵی لەوە ناکەن."