ئێران چۆن لە رێگەی مووشەک و درۆنەوە خۆی بنیات دەنێتەوە؟

پەیمانگەی واشنتن بۆ لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی نزیک لە شیکارییەکی قووڵی سەربازیدا ئاشکرای کرد، سەرەڕای لەناوچوونی کەرتی دەریایی، بەرگریی ئاسمانی و ژێرخانی ئەتۆمیی ئێران لە دوو جەنگی رابردوودا(جەنگی 12 رۆژە و جەنگی 40 رۆژە)، تاران بە تەرخانکردنی سەرجەم سەرچاوەکانی بۆ پەرەپێدانی مووشەک و درۆنی، ژێرزەمینی سوپایەکی نوێ دادەمەزرێنێتەوە، بەڵام ئەم پشتبەستنە تەواوە دەکرێت لە داهاتوودا ببێتە گەورەترین خاڵی لاوازیی کۆماری ئیسلامی.

مایکڵ ئایزنشتات و فەرزین نەدیمی، دوو شارەزای باڵای پەیمانگەی واشنتن لە لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە کردووە لە دوای رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکانی ساڵی رابردوو و مانگەکانی ئەمساڵ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا، سوپای ئێران زەبرێکی کوشندەی بەرکەوتووە.

بەپێی داتاکان، بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران ساڵانێکی زۆر گەڕاوەتە دواوە، هاوکات 80%ـی سیستەمی بەرگریی و زۆربەی هێزی ئاسمانی لەناوچوون. لە کەرتی دەریاییشدا زیاتر لە 160 کەشتی و ژێردەریایی، نزیکەی نیوەی بەلەمە خێراکانی سوپای پاسداران و 90%ـی مینە دەریاییەکان تێکشکێنراون، لە پاڵ وێرانبوونی زۆربەی کارگە سەر زەمینییەکانی بەرهەمهێنانی چەک.

لەسەر ئاستی ناوچەکەش، گرووپە هاوپەیمانەکانی تاران لە غەززە و لوبنان توانای جاران یان نەماوە، بەتایبەت حزبوڵڵا کە 80%ـی کۆگای چەکەکانی لەدەستداوە، بەڵام حووسییەکان لە یەمەن و میلیشیاکانی عێراق بەهۆی پشتبەستنیان بە تەکنۆلۆژیای درۆن و مووشەک وەک تاکە هێزی کاریگەر ماونەتەوە.

هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە جەنگی 40 رۆژە

 

ستراتیژیی 'هەڵپاچینی درەختەکە'؛ کۆکردنەوەی تواناکان لە مووشەک و درۆندا

توێژەرانی پەیمانگەکە پێیانوایە ئەم وێرانکارییە هاوشێوەی "هەڵپاچینی درەختێک" وایە کە وادەکات ئێران چیتر بودجە و پارەی کەمی وڵاتەکەی بۆ چاککردنەوەی تانک، کەشتیی گەورە و فڕۆکەی کۆنی سەردەمی شا بەهەدەر نەدات کە هەمیشە بەهۆی سزاکانەوە پاراستنیان ئەستەم بوو.

لە بەرامبەردا، دەسەڵاتی تاران تەواوی سەرچاوە مرۆیی و داراییەکانی دەخاتە خزمەت هێزی مووشەکی و درۆن لە ژێر دەسەڵاتی رەهای سوپای پاسداران، کە لە جەنگەکانی رابردوودا سەلماندیان زۆر لە هێزی نەریتی کاریگەرترن.

ئێستا مەزەندە دەکرێت ئێران خاوەنی زیاتر لە هەزار مووشەک و چەندین هەزار درۆن بێت، و لە رێگەی کارگە قووڵە ژێرزەمینییەکانی کە بەر بۆمبی ئەمریکی نەکەوتوون، خەریکی بەرهەمهێنانی درۆنی بۆمبڕێژکراو و بەکارهێنانی ژیری دەستکردە تا بە تێچووی کەم بتوانێت زیانی گەورە لە کەشتییەکان و کەرتی نەوتی نەیارەکانی بدات.

چیای کولەنگ

هاوکێشەی پارادۆکسەکان و مەترسیی پشتپێبەستنی تاران

راپۆرتەکە باسی لە سێ هاوکێشەی دژبەیەک کردووە کە رووبەڕووی واشنتن دەبنەوە؛ یەکەمیان ئەوەیە سەرەڕای وێرانبوونی تەواوی هێزی دەریایی، ئێران تەنیا لە رێگەی بەئامانجگرتنی 20 کەشتی توانی لە مانگی ئاداردا گەرووی هورمز دابخات و لە رێگەی چەند درۆنێکەوە بازاڕەکانی جیهان بشڵەقێنێت.

دووەمیان، لاوازبوونی سوپای ئێران لە رووی قەبارەوە، مەترسییەکەی کەم نەکردووەتەوە، بەڵکو هێزەکەی چڕتر و مەترسیدارتر کردووە.

لە هەمووی گرنگتر سێیەمیانە کە بۆ سیاسەتی ئەمریکا گرنگە؛ چونکە پشتبەستنی تەواوەتیی ئێران تەنیا بە دوو چەک مووشەک و درۆن، دەیخاتە بەردەم مەترسییەکی کوشندە، بە جۆرێک ئەگەر هاوپەیمانان سیستەمی بەرگریی هەرزان و کارا دژی درۆنەکان پەرەپێبدەن، ئەوا تەواوی سیستەم و پارادایمی سەربازیی تاران بە یەکجار لە پەل و پۆ دەکەوێت.

پێشنیازەکان بۆ کۆشکی سپی بەرامبەر هەوڵەکانی ئێران

لە بەشی کۆتایی شیکارییەکەدا، پەیمانگەی واشنتن کۆمەڵێک راسپاردەی خستووەتە بەردەم ئیدارەی ئەمریکا تا رێگری لە خۆڕێکخستنەوەی تاران بکات.

گرنگترینیان بریتییە لە چڕکردنەوەی سزاکان دژ بەو کۆمپانیا چینی و نێودەوڵەتییانەی کەرەستەی ئەلیکترۆنی، جیرۆسکۆپ و کەرەستەی مووشەکی دەگەیەننە ئێران، هاوشانی بڕینی تۆڕە داراییەکانی دراوی دیجیتاڵی کە تاران بۆ کڕینی چەک بەکاریاندەهێنێت.

هەروەها داوا کراوە کە ئەمریکا توانای خۆی بۆ لێدانی کارگە ژێرزەمینییەکان پەرەپێبدات، لە پاڵ بەکارهێنانی کەشتی و سیستەمی بێسەرنشینی دژەدرۆن لە گەرووی هورمز بۆ پاراستنی ئاسایشی نەوت، و لە هەر رێککەوتنێکی داهاتووشدا دەبێت هەڵگرتنی سزاکان ببەسترێتەوە بە سنووردارکردنی تەواوی پەرەپێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سیستەمی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی.