مەحموود محەمەد: هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت چڕکراونەتەوە
مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، هەوڵەکانی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم چڕکراونەتەوە، هاوکات باسی لە تەواوکردنی کابینەی حکوومەتی فیدراڵ و پرسی چەکداماڵینی گرووپە میلیشیاکانیشی کرد.
گوتەبێژی پارتی ئەمڕۆ شەممە 19ـی ئەیلوولی 2026 کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دۆخی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە بە گشتی پێویستی بە هەڵوەستەیەکی جددی هەیە، ئەم دۆخەش ئەرکێکی زۆر جددی نەتەوەیی و نیشتمانی دەخاتە سەر ئەستۆی هەموو لایەکمان، بۆیە هەموو لایەنەکان، بە ئەوانەشی کە دروشمی ئۆپۆزسیۆنیان هەڵگرتووە، دەبێت لە دۆخێکی وەهادا هەڵوێستەکانیان لەیەک جیا بکەنەوە.
گوتیشی: ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵدەدەین ئەو ئاستەنگانەی لەبەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و کارا کردنەوەی پەرلەمانی کوردستان هەن، نەیانهێڵین، بۆ ئەمەش گفتوگۆی چڕ لەنێوان هەموو لایەنەکانماندا هەیە، بۆ ئەوەی چارەسەری ئەم بابەتە بکەین.
هەروا ئاماژەیدا، کاراکردنەوە پەرلەمان پەیوەستە بەو ئەنجامی کۆبوونەوە و گفتوگۆکان، تا بزانرێت رەوتی گفتوگۆکان بە کوێ دەگات و چ بڕیارێک دەدرێت، بۆیە ناتوانم کاتێک بۆ پێکهێنانی حکوومەت دیاری بکەم، بەڵام ئەوەی هەیە گفتوگۆکان بەردەوامن، هەروەها لیژنەیەکی هاوبەش هەیە بۆ دیراسە و لەسەر چەند پرسێک رێککەوتوون، ئەوەی هەیە هەندێک ئاستەنگ هەن ئەویش گفتوگۆیە زۆریان لەسەر کراوە، بۆیە لێی دەگەڕێن لیژنەکانی پارتی و یەکێتی گفتوگۆکانیان تەواو بکەن.
لەبارەی کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی، مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پێشتریش کۆبوونەوە هەبووە و کۆبوونەوەکانیش بەردەوام دەبن، بەڵام رەنگە دوور لە چاوی میدیا بووبن، لەم چەند رۆژەی رابردووش کۆبوونەوە هەبووە.
لەبارەی پرۆسەی تەواوکاری کابینەی حکوومەتی عێراق، گوتەبێژی پارتی گوتی: ئەو یاری و کێشمەکێشە سیاسییەی لە بەغدا هەیە، هۆکاری دوا کەوتنی پرۆسەکە بووە، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت دوای گەڕانەوەی عەلی زەیدی لە ئەمریکا، پێکهاتەی کابینەی حکوومەتی نوێی فیدراڵ تەواو بکرێت و کۆتایی پێ بهێنرێت.
لەبارەی پرسی چەکداماڵینی گرووپە میلیشیاکان و دۆخی عێراق، مەحموود محەمەد گوتی: بۆ هەموو پرس و گرفتەکان دەبێت بگەڕێینەوە بۆ دەستوور، چونکە لە دەستووردا یەکلا کراوەتەوە کە دەبێت چەک لە دەستی چ لایەنێک بێت و کێ کۆنترۆڵی چەک دەکات. بۆیە دەبێت پشتیوان بین لەوەی دەستوور وەک ئەوەی هەیە، جێبەجێ بکرێت.
هەروەها لە بارەی دۆخی سیاسی، شەڕ و ململانێکانی ناوچەکە، مەحموود محەمەد رایگەیاند، ئێمە لەسەرەتاوە جەختمان کردووەتەوە و لەگەڵ ئەوەدا نین خاکی عێراق بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکان بەکاربهێنرێت .