سێ تیمی زانستی لە چیای ئارارات توێژینەوە لەبارەی شوێنی کەشتیی نووح دەکەن
سێ تیمی زانستی و بەڵگەفیلمی نێودەوڵەتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا، بە بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتووی رادار و پشکنینی جیۆلۆجی، لە ناوچەی بازیدی سەربە پارێزگای ئاگری لە باکووری کوردستان دەستیان بە توێژینەوەیەکی بەرفراوان کردووە بە مەبەستی دۆزینەوەی بەڵگەی زانستی لەسەر شوێنی لەنگەرگرتنی کەشتیی نووح.
بەپێی دەقەکانی قورئانی پیرۆز، کەشتیی حەزرەتی نووح لەسەر چیای جوودی لەنگەری گرتووە، لە کاتێکدا لە تەورات و ئینجیلدا ئاماژە بەوە دراوە کە کەشتییەکە لەسەر چیاکانی ئارارات (چیای ئاگری) لەنگەری گرتووە.
ئێستا پێکهاتەیەکی سروشتیی زەبەلاح لە بەرد و خاک لە بناری چیای ئارارات لە سنووری شارۆچکەی بازید بووەتە جێگەی بایەخی ناوەندە زانستییەکان، بەو پێیەی تایبەتمەندییە جوگرافییەکانی ئەو ناوچەیە لە شێوەی کەشتییەکی گەورەدا دەردەکەوێت، ئەمەش وایکردووە تیمە نێودەوڵەتییەکان بە کەرەستەی سەردەمیانە لە نزیکەوە لێکۆڵینەوە لە پێکهاتەی ئەو شوێنە بکەن.
ئەندرۆ جۆنز، یەکێک لە توێژەرانی پڕۆژەکە رایگەیاند، کارەکانیان لە مانگی تەممووزی ئەمساڵەوە لە سنووری بازید دەستپێکردووە و ئێستا گەیشتوونەتە هەفتەی کۆتایی کارەکانیان. جۆنز ئاشکرای کرد بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی تورکیا، راداری زۆر پێشکەوتووی تایبەت بە پشکنینی ژێرزەوی بە هاوکاریی پسپۆڕانی ئەمریکی بەکارهێنراوە، و لە ئەنجامدا توانیویانە لەم هەفتەیەدا کۆمەڵێک رێڕەو لە ژێر زەویدا دەستنیشان بکەن کە پێشتر هاوشێوەیان لە ناوچەکەدا نەبینراوە.
لە نێو تیمە نێودەوڵەتییەکاندا کۆمەڵێک زانا و مامۆستای زانکۆ، لەوانە پسپۆڕانی زانکۆی سێواس، شانبەشانی دەرهێنەری ناوداری بەریتانی "بێر گریڵس" بەشدارن لە بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلم لەسەر پرۆسەکە.
لەو بارەیەوە لۆرین ڤێتزکە، سەرۆکی کۆمەڵەی دۆزینەوەی کەشتیی نووح دووپاتی کردەوە, هیچ گومانێکی نییە لەوەی ئەم پێگەیە جێگەی راستەقینەی لەنگەرگرتنی کەشتیی نووحە و بنەچەی مرۆڤایەتی لەم ناوچەیەوە بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە.
ڤێتزکە جەختی لەوە کردەوە کە بەهۆی گرنگیی کەشتیی نووح لە هەردوو ئاینی ئیسلام و کریستیاندا، سەلماندنی ئەم دۆزینەوەیە دەبێتە هۆی راکێشانی هەزاران باوەڕدار و گەشتیار بۆ سنووری بازید لە پارێزگای ئاگری و بووژانەوەیەکی گەورەی ئابووری بۆ ناوچەکە دروست دەکات.