قۆناخی نۆیەمی دابەشکردنی زەوی دەستپێدەکات
ئەمڕۆ، شارەوانیی هەولێر ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی قۆناخی نۆیەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە سنووری شارەوانییەکە دەکات و پرۆسەی تاپۆکردنی زەوییە دابەشکراوەکانی پێشووتریش بەردەوامە.
کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، تیمەکان سەرقاڵی ئامادەکردنی رێکارەکانن بۆ دەستپێکردنی قۆناخی نۆیەمی دابەشکردنی زەوی لە سنووری شارەوانیی هەولێر.
کارزان هادی گوتیشی، فەرمانبەرانی سەرجەم وەزارەتەکان لەو قۆناخە سوودمەند دەبن و دابەشکردنەکە تایبەت نییە بە وەزارەت یان دامەزراوەیەکی دیاریکراو. بە گوتەی سەرۆکی شارەوانی، زەوییەکان بەپێی ماستەرپلانی دیاریکراو لەسەر رێگای هەولێر - دهۆک دابەش دەکرێن.
سەبارەت بە پرۆسەی تاپۆکردنی زەوییەکان، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر روونیکردەوە، پرۆسەکە بۆ زۆربەی قۆناخەکانی رابردوو دەستی پێکردووە، بەتایبەت قۆناخی یەکەم کە نیوەی زەوییە دابەشکراوەکان تاپۆکردنیان لە قۆناخی کۆتاییدایە.
کارزان هادی ئاشکرایکرد، زەوییەکان ناکرێنە کارت و دواتر تاپۆ بکرێن، بەڵکو راستەوخۆ تاپۆ دەکرێن و بەڵگەنامەی تاپۆکە راستەوخۆ دەدرێتە ئەو فەرمانبەرەی سوودمەند بووە.
لە 27ی ئاداری 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، بڕیارێکی گرنگی دا بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر سەرجەم ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی کە پێشتر سوودمەند نەبوون.
هەروەها لە ئایاری 2024، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رێنماییە فەرمییەکانی دابەشکردنی زەویی لە رۆژنامەی فەرمی (وەقایعی کوردستان) بڵاوکردەوە، کە پاڵپشت بوو بە ماددەی 57 لە یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان ژمارە 6ـی ساڵی 1993ی هەموارکراو
مەرجی سەرەکی ئەوە بوو کە فەرمانبەر یان مووچەخۆر لە ڕابردوودا لە هیچ پرۆسەیەکی دابەشکردنی زەوی یان خانووبەرە لەلایەن دەوڵەتەوە سوودمەند نەبوبێت.