لە سنە دەستبەسەر 50 تۆن داری بڕاوەدا گیرا
فەرماندەی یەکەی بەڕێوبەرایەتی گشتیی پاراستنی ژینگە و سامانە سروشتییەکانی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، دەستبەسەرداگرتنی 50 تۆن داری بڕدراوە و زیاتر لە سێ تۆن خەڵووزی راگەیاند، بەهۆی سەرپێچییەکانی سەر ژینگە و سروشتی دەڤەرەکەش دەیان کەس دەستگیرکراون.
مەنوچێهر کیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 20ـی ئەیلوولی 2026، بە ئاژانسی فەرمیی ئێرانی راگەیاند، لە شەش مانگی رابردوودا تیمەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پاراستنی ژینگە و سامانە سروشتییەکان، 50 تۆن داری بڕواوە، سێ تۆن و 652 کیلۆ خەڵووز و 39 تۆن و 149 کیلۆ بەرهەمی خۆرسک و سروشتییەکانی دۆزراوەتەوە و دەستیان بەسەردا گیراوە.
کیانی ئاشکراشی کردووە، هەر لە شەنگ مانگی رابردوودا 939 دۆسیەی لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لە سەرپێچیکارانی سەر سروشتی پارێزگای سنە کراوەتەوە و دەیان کەس دەستگیرکراون.
فەرماندەی یەکەی بەڕێوبەرایەتی گشتیی پاراستنی ژینگە و سامانە سروشتییەکانی پارێزگای سنەی نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لەوەی زێدەڕۆییەکانی سەر بەڕێوەبردنی مێرگ و ناوچە ئاوییەکانی پارێزگاکە زیادی کردووە و دەڵێت: لەو شەش مانگەی رابردوودا زێدەڕۆیی لەسەر رووبەری 335 هێکتار زەویی میری لادراوە و 365 فەرمانی زەوتکردنی زەویش هەڵوەشێندراوەتەوە.
مەنوچێهر کیانی دەڵێت: جگە لە هەڵمەتەکانی نەهێشتنی زێدەڕۆیی لەسەر سروشت، گرنگە هەڵمەتی هۆشیاری ژینگەپارێزی و پاراستنی سروشت بکرێتە پرۆگرامێکی هۆشیاری و پەروەردەیی بۆ رێگریی لە وێرانکاریی سروشت.
هەروەها داوای لە هاووڵاتیان دەکات، لەکاتی بینینی هەر وێرانکارییەک یان زێدەڕۆییەک بۆ سەر سروشت و ژینگە، تیمەکانی ژینگەپارێزی و پاراستنی سامانە سروشتییەکان ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی بە زووترین کات بەدواداچوون بکەن و رێگری لەسەر هەر جۆر و شێوازێکی وێرانکاریی بگرن.
بە گوێرەی ئەو رووپێوەی لە سنووری پارێزگای سنە کراوە، لە کۆی دوو ملیۆن و 937 هەزار هێکتار زەوی، زیاتر لە 60%، کە دەکاتە یەک ملیۆن و 587 هەزار هێکتار، لە لەوەڕگە و دارستان پێکدێت. بە گشتی 67 هەزار خێزانی گوندنشینی پارێزگاکە بە تایبەت مەڕداران لە لەوەڕگەی سروشتی دەڤەرەکە سوود مەندن، بەمەش ژینگە سروشتی سنە رێژەی 6،5%ـی کۆی لەوەڕگەکانی ئێران پێکدەهێنیت.