سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی قاهیرە دەکات

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سەردانی قاهیرە دەکات، هەماهەنگیی سیاسی، ئەمنی و ئابووری لەسەر مێزی گفتوگۆن.

بڕیارە ئەمڕۆ  عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکومی سەردانێکی فەرمی بۆ قاهیرە دەستپێبکات و لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر کۆببێتەوە.

لە گفتوگۆکانی قاهیرە باس لە شەش دۆسیەی سەرەکی دەکەن؛ ئەوانیش بریتین لە هەماهەنگیی سیاسی و ئەمنی، هاوکاریی بەرگری و پڕچەککردن، نەوت و وزە، وەبەرهێنانی هاوبەش، چالاککردنی هاوکاریی سێقۆڵی لەگەڵ ئوردن، و ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات.

لە پێشەنگی کارنامەی کۆبوونەوەکاندا دۆسیەی هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە دێت. بە گوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوە عێراقییەکە، لە کۆبوونەوەکانی عەلی زەیدی و عەبدولفەتاح سیسیدا باس لە بەهێزکردنی هەماهەنگیی سیاسی، ئەمنی و هەواڵگری دەکرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانە ناوچەییەکان و رێگەگرتن لە فراوانبوونی رووبەڕووبوونەوەکان، لەپاڵ تاوتوێکردنی هاوکاریی بەرگری و پرسی پڕچەککردن لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەغدا بۆ هەمەچەشنکردنی هاوبەشییە سەربازییەکانی. لە رووی ئابوورییەوە، گفتوگۆکان باس لە پەرەپێدانی هاوکاری لە کەرتەکانی نەوت و وزە و خێراکردنی پرۆژەکانی بەستنەوەی کارەبا و نەوت لە چوارچێوەی هاوکاریی سێقۆڵیی عێراق، میسر و ئوردن دەکەن، وەک درێژەپێدەری سەردانەکەی 17 و 18ی تشرینی یەکەمی وەزیری دەرەوەی میسر بۆ بەغدا.

هەروەها فراوانکردنی وەبەرهێنانی میسری و بەشداریی کۆمپانیاکانی لە ئاوەدانکردنەوە و کەرتە جیاوازەکاندا، ئاسانکاریی بازرگانی، و ئامادەکاری بۆ خولی چوارەمی لیژنەی باڵای هاوبەش لە قاهیرە دەخرێنە بەر باس؛ ئەم سەردانەش لە چوارچێوەی جموجۆڵە دیپلۆماسییەکانی ئەم دواییەی زەیدیدا دێت بۆ سعوودیە و ئوردن و چەند وڵاتێکی دیکە.