لە گوێڕ منداڵێک کەوتووەتە نێو بیرێکی 25 مەتری و هەوڵی دەرهێنانی دەدرێت
لە رووداوێکدا لە سنووری ناحیەی گوێر، منداڵێکی تەمەن سێ ساڵ کەوتووەتە نێو بیرێکی وشکەوە قووڵییەکەی نزیکەی 25 مەترە، ئێستاشدا تیمەکانی بەرگریی شارستانی، دەزگا ئەمنییەکان و دانیشتووانی ناوچەکە لە هەوڵدان بۆ رزگارکردنی.
یەکشەممە 20ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 ، منداڵەکە ناوی ( هاجەر محەمەد حەسەن)ـە و لە خێزانێکی بەڕەگەز عەرەبی دانیشتووی گوندی شەرائیحی سەر بە ناحیەی گوێرە. رووداوەکە نزیکەی سێ کاتژمێر لەمەوبەر روویداوە، کاتێک منداڵەکە کەوتووەتە نێو ئەو بیرە قووڵییەکەی دەگاتە 25 مەتر و بەو هۆیەوە لە نێویدا گیری خواردووە.
بە گوتەی شایەتحاڵان، پێش گەیشتنی تیمە فریاگوزارییەکان، کەسوکاری منداڵەکە و دانیشتووانی گوندەکە سێ جار لە رێگەی حەبلەوە هەوڵی دەرهێنانیان داوە، بەڵام بەهۆی کەمیی تەمەنییەوە نەیتوانیوە بە توندی دەست بە حەبلەکەوە بگرێت، هەربۆیە لە کاتێکدا تەنیا 5 بۆ 6 مەتری مابوو بگاتە سەرەوە، بەربووەتەوە خوارەوە، ئەمەش دۆخەکەی هەستیارتر و ئاڵۆزتر کردووە.
ئێستا تیمی رزگارکردنی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر هاوشانی هێزەکانی ئاسایش، پۆلیس و خەڵکی گوندەکە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و سەرقاڵی جێبەجێکردنی پلانێکی تایبەتن بۆ دەرهێنانی منداڵەکە بە سەلامەتی.