دووەم کۆنترین مزگەوتی زاخۆ بە شێوازی مۆدێرن نۆژەنکرایەوە

ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقاف و بە هاوکاریی خێرخوازان، پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی دێرینی حەجی ئیبراهیمی بە شێوازی مۆدێرنی خەلیجی تەواو کرد، کە دووەم کۆنترین مزگەوتی شارەکەیە و دەکەوێتە سەر کەناری رووباری خابوور، و مێژووەکەی وەک ناوەندێکی گەورەی ئاینی و زانستی بۆ زیاتر لە پەنجا ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی حەجی ئیبراهیم کە ماوەی دوو ساڵی خایاند، لە لایەن ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی شارەکە لەسەر شێوازی نایابی تەلارسازیی "مۆدێرنی خەلیجی" جێبەجێ کرا.

لەم نۆژەنکردنەوەیەدا سیستەمی رووناککردنەوەی سەردەمیانە بۆ قوبە و منارەی مزگەوتەکە بە رەنگی شینی ئاسمانیی ئارامبەخش دانراوە کە لەگەڵ کەشوهەوای شەوانی زاخۆ و دیمەنی رووباری خابووردا دەگونجێت.

هاوکات بە بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای (CNC) نەخشە و شێوازی ئیسلامیی سەردەمیانە بۆ تەلارەکە داڕێژراوە، لە پاڵ دابینکردنی خزمەتگوزاریی نوێ بۆ نوێژخوێنان لەوانە شوێنی دەستنوێژی پێشکەوتوو، سیستەمی رێکخراوی ئاو، و فراوانکردنی هۆڵەکانی مانەوە و نوێژکردن بە ڕەچاوکردنی مەرجە ژینگەییەکان.

مێژووی دروستکردنی ئەم مزگەوتە بۆ ساڵی 1968 دەگەڕێتەوە و لە ساڵی 1971 لەسەر ئەرک و خەرجیی کەسایەتیی خێرخوازی دەڤەرەکە حەجی ئیبراهیم تەواو کرا، کە بە دووەم کۆنترین مزگەوتی شاری زاخۆ دادەنرێت و دەکەوێتە نزیک پردی سەعدوون لەسەر لێواری رووباری خابوور.

بیرۆکەی دروستکردنی مزگەوتەکە دوای ئەوە هات کە حەجی ئیبراهیم سەردانی مزگەوتی پێغەمبەر شیتی لە شاری مووسڵ کردبوو و لەسەر هەمان شێواز بڕیاری دا لە زاخۆ لەسەر رووبەری دوو هەزار و 861 مەتر دووجا دروستی بکات، کە جێگەی زیاتر لە دوو هەزار نوێژخوێن و سێ ژووری گەورەی خوێندنی تێدایە.

جگە لە ئەرکە ئاینییەکەی، مزگەوتی حەجی ئیبراهیم پێگەیەکی گەورەی پەروەردەیی لە دەڤەری بادینان گێڕاوە؛ لە 3ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1993 بە فەرمی "قوتابخانەی جۆدیی ئیسلامی" لە ناو مزگەوتەکەدا کرایەوە کە لە سەرەتادا بە 30 فێرخواز دەستیپێکرد و تاوەکو ئەمڕۆش بەردەوامە.

ئەم ناوەندە ئاینییە لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا بە دەیان مامۆستای ئاینی، ئیمام و وتاربێژی لێهاتووی پێگەیاندووە کە توانیویانە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و زانکۆی ئەزهەری شەریف لە میسر بڕوانامەی باڵای زانستی لە بوارە شەرعییەکاندا بەدەستبهێنن.