بەرگریی شارستانیی هەولێر: ئاگرەکەی قەیسەری بە 10 خولەک کۆنترۆڵکرا
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لەسەربانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە و دەستبەجێ لە لایەن 10 تیمی بەرگریی شارستانییەوە لە ماوەی تەنیا 10 خولەکدا کۆنترۆڵ کرا، هاوکات رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2026، شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە شوێنی رووداوەکە بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، "کاتژمێر 10:10ـی خولەکی ئەمشەو ژووری کۆنترۆڵمان لە هەبوونی ئاگرکەوتنەوەیەک لەسەربانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر ئاگادار کرایەوە، دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی مەبەست و بە بەشداریی 10 تیمی ئاگرکوژێنەوە توانرا بە شێوەیەکی زۆر خێرا و لە ماوەی 10 خولەکدا ئاگرەکە بە تەواوەتی کۆنترۆڵ بکرێت".
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، رووداوەکە مەترسیدار بوو لەبەر ئەوەی بڕێکی زۆر کەلوپەل لەسەربانەکەدا هەبوون و بەشێکی زۆریشی بە ئیزۆگام داپۆشراوە کە ئەوەش گڕگرتنی خێراتر دەکات، بەڵام گەیشتنی دەستبەجێ و لێهاتوویی و شارەزایی تیمەکان هۆکاری سەرەکی بوون بۆ ئەوەی ڕێگری لە تەشەنەسەندنی ئاگرەکە بکرێت.
شاخەوان سەعید ئەوەشی خستەڕوو، "سیستەمی مۆدێرنی بەرگریی شارستانی کە لە دوای نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری دابینکراوە، هاوکار بووە لە کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، هەروەها لیژنەیەکی پسپۆڕ بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە و خەمڵاندنی زیانەکان پێکهێنراوە".
دەربارەی زیانە مادییەکانیش، ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە سەرەڕای نەبوونی هیچ زیانێکی گیانی، بەڵام بەهۆی گەورەیی ئاگرەکەوە بەشێکی زۆری چێشتخانەیەک سووتاوە.