ئەردۆغان: ئێستا تورکیا لە پیشەسازیی سەربازیدا کارەکتەرێکی جیهانییە
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرککۆماری تورکیا لە ئەمریکا باس لە پێشکەوتنەکانی وڵاتەکەی لە بواری پیشەسازیی سەربازیدا کرد و رایگەیاند، ئێستا تورکیا بە پێشکەوتنەکانی خۆی لە بواری بەرگریدا، نەک تەنیا لە ئاستی ناوچەکەی، بەڵکوو لە ئاستی جیهاندا بووەتە ئەکتەرێکی کاریگەر.
میدیای فەرمی تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی ئەیلوولی 2026، ئەردۆغان کە بۆ بەشداربوون لە 81ـەمین کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکە، لەمیانی بەشداریی چالاکییەک بەبۆنەی 100 ساڵەی دۆستایەتی تورکیا - ئەمریکا، ئەردۆغان گوتی "دەستپێکێکی بەهێز بۆ 100 ساڵەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان دوو وڵاتدا دانراوە".
چالاکییەکە لەلایەن ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا - تورکیا و ژووری بازرگانیی ئەمریکا رێکخراو بوو، ئەردۆغان رایگەیاند، بە سوودوەرگرتن لە گفتوگۆی دۆستانە و تایبەتەکە لەگەڵ سەرۆک ترەمپ، لە ھەموو بوارەکاندا پێشکەوتنی گرنگمان بەدەستهێناوە و بەدەستیش دەهێنین. هەروا رایگەیاند،" سەردانەکەی بۆ ئەنقەرە لە تەممووزی رابردوودا، پەیوەندی و ھاوپەیمانییە کۆن و ریشەدارەکەمانی بەهێزتر کردەوە و ئەمەش هەناسەیەکی نوێی پێی بەخشین".
ئەردۆغان راشیگەیاند، دەرگای سەدەی دووەمی پەیوەندییەکانمان دەکەینەوە و لە لایەکی دیکەشەوە بە ھەموو توانامانەوە ھەوڵدەدەین لە چەندین بواردا پێشکەوتنی کردەیی بەدەستبهێنین، و گوتی "ئەو جەنگ و ململانێ و قەیرانانەی لە ناوچەکەمان و جیهاندا رووبەڕووی بووینەتەوە، پێویست بەوە دەکات کە تورکیا و ئەمریکا لە گفتوگۆیەکی نزیکدا بن. بەهۆی گفتوگۆ و هەماهەنگییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا، کاریگەریی جیهانیی زۆرێک لە بابەتاکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تا ئەفریقا و ئاسیا دەبینین و ئەنجامی ئەرێنی بۆ وڵاتەکانمان بەدەستدەهێنین. لە داهاتووشدا بە زیادکردنی هەوڵەکانمان، بڕیارمان وایە بەردەوام بین".
سەرککۆماری تورکیا گوتیشی "ئەو خاڵەی دەمەوێت پێش ھەموو شتێک جەختی لێ بکەمەوە ئەوەیە کە، ناتوانین و نامانەوێت پەیوەندییە ستراتیژییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا لە پەیوەندییە ئابووریی و بازرگانییەکانمان جیا بکەینەوە و بە پێچەوانەوە، ئەمڕۆ پەیوەندییەکانمان لە بواری بازرگانیدا سەرەکیترین ھۆکارن کە پەیوەندییە سیاسییەکانمان پشتگیریی و پەرەپێدەدەن".
گوتیشی: ئێستا تورکیا لە بواری تەکنەلۆجیای سەربازی و بەرگریدا یەکێک لە بەهێزترین وڵانانی جیهان، پیشەسازی سەربازیی تورکیا وایکردووە ئێستا یەکێک بین لە کاریگەرترین وڵاتان.
لە درێژەی قسەکانیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند "سەرەڕای گۆڕانکارییە ئابووری و سیاسییەکانی جیھان، قەبارەی بازرگانی نێوان تورکیا و ئەمریکا بە درێژایی 10 ساڵە دوو ھێندە زیادیکردووە. بازرگانییە دوولایەنەکەمان لە ساڵی 2025دا زیاتر لە 38 ملیار دۆلار بووە، لە ھەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتە 28 ملیار دۆلار. پێشبینی دەکات تا کۆتایی ئەمساڵ قەبارەکە بگاتە 40 ملیار دۆلار ".