18 کۆچبەری کورد لە دەریای ناوەڕاست خنکان

بەلەمێکی کۆچبەران (ئەرشیف)
بەلەمێکی کۆچبەران (ئەرشیف)

 18 کۆچبەری کورد لە دەریای ناوەڕاست خنکاون و رێکخراوێکی ئەڵمانی وێنەی 11 تەرمی لەسەر یەختێکی تێکشکاو گرتووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، رەنج پشدەری، چالاکوانی بواری کۆچبەران، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "فێسبووک" رایگەیاند، 18 کۆچبەری کورد لە دەریای ناوەڕاست و لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئیتاڵیا خنکاون. ئەم رووداوە دوای ئەوە دێت یەختەکەیان لە کەناراوەکانی لیبیاوە بەرەو ئەو وڵاتە بەڕێکەوتبوو.

ئەو چالاکوانە، ئاماژەی بەوە دا، رۆژی 5ـی ئابی ئەمساڵ ئەو 18 کۆچبەرە کوردە لە لیبیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتوون و زۆربەیان خەڵکی دەڤەری رانیە و قەڵادزێن، بەڵام لە رۆژی 9ـی ئابەوە سەرجەم پەیوەندییەکیان لەگەڵ کەسوکاریان پچڕاوە. 

باسی لەوەش کرد، دواتر لە ناوەڕاستی هەمان مانگدا (15ـی ئاب) کەسوکاری ئەو 18 کۆچبەرە کوردە پەیوەندییان پێوە کردووە بۆ بەدواداچوونی چارەنووسیان.

وەک خۆی باسی کرد، دوای بەدواداچوونێکی ورد و سەردانیکردنی ئیتاڵیا و پەیوەندیکردن بە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوو دوورگەی (پالێرمۆ و کالابریا)، لەوانە نەخۆشخانەکان، زیندانەکان، بنکەکانی پۆلیس و خاچی سوور، هیچ زانیارییەکی فەرمی لەسەر ئەو کۆچبەرانە دەست نەکەوتووە.

ئاشکراشی کرد، رێکخراوێکی ئەڵمانیی تایبەت بە کۆچبەران بە ناوی (سۆس - SOS) لە رێگەی فڕۆکەیەکی چاودێرییەوە، وێنەی 11 تەرمی لەسەر یەختێکی تێکشکاو لە دەریای ناوەڕاستدا گرتووە. بەمەش پشتڕاست بووەتەوە تەواوی کۆچبەرانی یەختەکە خنکاون و تەرمەکانیشیان لە نێو دەریادا نەدۆزراونەتەوە. 

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەم هەواڵەیان پشتراست نەکردووەتەوە. 

دەریای ناوەڕاست یەکێکە لە مەترسیدارترین رێڕەوەکانی کۆچکردن لە جیهاندا. ساڵانە هەزاران کۆچبەر لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاوە هەوڵ دەدەن لەرێگەی بەلەمی بچووک و نائارامەوە خۆیان بگەیەننە کەناراوەکانی ئەوروپا، بەتایبەتی ئیتاڵیا و یۆنان. بەهۆی سەختیی گەشتەکە و خراپیی کەشوهەوا، زۆرجار ئەم یەختانە تێکدەشکێن و سەدان کەس دەبنە قوربانی.