وەزارەتی شارەوانی بەشداریی ئی-پسوولە دەکات

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەمەودوا شوێنە بازرگانییەکان دەتوانن بە شێوەیەکی دیجیتاڵی و لە رێگەی سەکۆی "ئی-پسوولە"وە کرێی خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی بدەن، هاوکات داشکاندنی لەسەدا 20ـیان بۆ دەکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاویکردەوە، شوێنە بازرگانییەکان دەتوانن پارەدانی شایستە دارایی و کرێی خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی، لەوانە: کرێی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، شایستەی تابلۆ و ڕیکلامی تەلەفزیۆنی و لەیزەری ئەنجام بدەن، لە بەرامبەریشدا داشکاندنی 20% وەردەگرن بۆ هەر پارەدانێک کە لە رێگەی سیستەمی "ئی-پسوولە"وە جێبەجێی بکەن.

وەزارەتی شارەوانی ئاماژەی بەوەش کردووە، سەکۆی دیجیتاڵیی "ئی-پسوولە" کاتێکی زۆر بۆ خاوەنکاران و هاووڵاتییان دەگەڕێنێتەوە و ئەزموونێکی سادە، خێرا و گونجاویان لە مامەڵە داراییەکاندا بۆ دەستەبەر دەکات.

پەیوەست بە میکانیزمی پارەدانەکە، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە هاووڵاتییان و شوێنە بازرگانییەکان دەتوانن سوود لەو بانک و جزدانە ئەلیکترۆنییە هاوبەشانە وەربگرن کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی فەرمییان پێدراوە، لەوانە: (FastPay، FIB، AsiaPay، NassWallet، ZainCash، IIB، Cihan Bank، NBI و RTB).

پڕۆگرامی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان "ئی-پسوولە"، لە مانگی شوباتدا لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیەندرا، ئەمەش وەک بەشێک لە هەنگاو و ستراتیژی کابینەی نۆیەم بۆ پەرەپێدانی گشتگیریی دارایی، کەمکردنەوەی ڕۆتین و بەدیجیتاڵکردنی سەرجەم خزمەتگوزارییە گشتییەکان.