کۆنفرانسی سەدساڵەی 'زاری کرمانجی' بەڕێوەچوو
پەردە لەسەر پەیکەری حوزنی موکریانی لادرا
بە پاڵپشتیی نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چالاکییەکانی کۆنفرانسی "سەد ساڵەی گۆڤاری زاری کرمانجی و رۆڵی حوسێن حوزنی موکریانی لە بزاڤی رۆژنامەگەریی کوردیدا" بەڕێوەچوو و بە پەردەلادان لەسەر پەیکەری ئەو مێژوونووس و ڕۆژنامەنووسە، کۆتایی بە کارەکانی هات.
کۆنفرانسەکە لە چیای کۆڕەک بە ئامادەبوونی پەرلەمانتاران، بەرپرسانی حکوومی، ئەکادیمیستان و رۆشنبیران دەستیپێکرد. لە دەستپێکی رێوڕەسمەکەدا، سەرۆکی زانکۆی سۆران سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پاڵپشتیی بەردەوامی لە بزاڤی زانستی و کولتووری، جەختیشی لە گرنگیی بەرزڕاگرتنی یادی دەرچوونی گۆڤاری "زاری کرمانجی" کردەوە. لە بەشێکی دیکەی رێورەسمەکەدا وتاری ئیدارەی سۆران، قایمقامیەتی رواندز و وتاری بنەماڵەی موکریانی لەلایەن د. کوردستان موکریانی پێشکەش کران، هاوکات پانۆراما و دۆکیۆمێنتارییەک لەسەر ژیانی موکریانی نمایش کران.
کۆنفرانسەکە لەلایەن زانکۆی سۆران رێکخرابوو و بۆ ماوەی دوو رۆژ بە بەشداریی 28 توێژەر بەردەوام بوو. لە چوارچێوەی حەوت پانێڵی زانستیدا، لێکۆڵینەوە لەسەر مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی خرایەڕوو، دواتریش بە خوێندنەوەی ڕاسپاردەکان و دابەشکردنی بڕوانامەی ڕێزلێنان کۆتایی بە کارەکانی هێندرا.
لە درێژەی چالاکییەکاندا و ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، لە کتێبخانەی ناوەندیی زانکۆی سۆران، پەردە لەسەر پەیکەری حوسێن حوزنی موکریانی لادرا کە وەک دەستپێشخەرییەکی هونەری لەلایەن مامۆستا خەلیل ڕەحیمپوور دروستکرابوو و پێشکەش بە زانکۆ کرابوو؛ سەرۆکی زانکۆی سۆرانیش سوپاس و پێزانینی ئاراستەی ئەو هونەرمەندە کرد بۆ خزمەتکردن بە رەمزە مێژوویی و نەتەوەییەکانی کورد.