باسم محەمەد: هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی ئابدا گەیشتە 70 ملیۆن بەرمیل
وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرای کرد، بڕی نەوتی هەناردەکراوی وڵات لە مانگی ئابی رابردوودا گەیشتووەتە 70 ملیۆن بەرمیل، هاوکات جەختی لەوەش کردەوە ئێستا ئاستی هەناردەی رۆژانەی نەوتی عێراق لە سەرووی سێ ملیۆن بەرمیلەوەیە.
سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، باسم محەمەد خوزەیر، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی عێراقییە ئەخبارییە، نوێترین ئامار و پێشهاتەکانی تایبەت بە کەرتی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی خاوی وڵاتی خستە روو.
وەزیری نەوت رایگەیاند: کۆی گشتیی بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی ئابی رابردوودا گەیشتووەتە 70 ملیۆن بەرمیل، ئەمەش نیشانەی بەردەوامیی سەقامگیریی هەناردەکردنی نەوتی عێراقە بۆ بازاڕەکانی جیهان.
سەبارەت بە توانای هەناردەکردنی ئێستاش، وەزیری نەوت ئاماژەی بەوە دا، لە کاتی ئێستا عێراق رۆژانە زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەکات، کە ئەمەش پارێزگاری لە پشکی وڵات لە بازاڕی نێودەوڵەتیی وزەدا دەکات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسی لەوە کرد، ئەو گرێبەستانەی بۆ گواستنەوەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە واژۆ کراون، هاوکار و یارمەتیدەرێکی گەورە بوون بۆ ئەوەی بتوانین ئاستی هەناردەکردن لەو بەندەرەوە بۆ 600 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرز بکەینەوە.