نوجەبا: قەدەخەی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بەردەوام بێت ماندەگرین
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا، هەڕەشەی مانگرتنی لە نێو فڕۆکەخانەکانی عێراقدا کرد، ئەگەر بێتو بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتی فڕۆکە ئێرانییەکان بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە جێبەجێ کراوە، هەڵنەوەشێنرێتەوە.
ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا، لە بەیاننامەیەکدا هەینی 25ـی ئەیلوولی 2026، رەخنەی توندی لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق گرت و رایگەیاند، قسەکردن لەسەر سەروەری لە کاتێکدا عێراق وەک گوندێکی بچووکی لێهاتووە و لەلایەن ئەمریکاوە کۆنترۆڵ دەکرێت، مامەڵەکردنە بە دوو پێوەری جیاواز و ئەمەش قبووڵکراو نییە. هۆشداریشی دا زۆر چاوەڕێ ناکەن و گوتی: ئەگەر ئەم بابەتە چارەسەر نەکرێت، دەربازبوون لە هەژموونی ئەمریکا بەدی نەیەت و ئاساییبوونەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئێران دەست پێنەکاتەوە، ئەوا داوا دەکەین ئامادەکاری بکرێت بۆ دەستپێکردنی مانگرتن لە فڕۆکەخانەکانی عێراق تاوەکو شکاندنی یەکجارەکیی ئەو بڕیارەی ئەمریکا.
ئەم هەڵوێستەی بزووتنەوەی نوجەبا دوای ئەوە هات، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرایکرد، بەغدا لایەنی ئێرانی لە بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکان ئاگادار کردووەتەوە کە لە چوارشەممەی رابردووەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی بە نیازی تاوتوێکردنی ئەم سزایانەیە لەگەڵ بەرپرسانی واشنتن، تاوەکو رێگە بدرێت خزمەتگوزاری بە فڕۆکە ئێرانییەکان پێشکەش بکرێت.
8ـی ئەیلوول، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای توند بەسەر 36 دامەزراوە و لایەنی پەیوەندیدار بە کەرتی فڕۆکەوانیی ئێراندا سەپاند، کە 27 کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی دەگرێتەوە، هاوکات هەڕەشەی سزادانی هەر لایەن و دەوڵەتێکی کرد کە مامەڵە یان هاوکاری لەگەڵ ئەو کۆمپانیا سزادراوانەدا بکات.