وەزیرانی بەرگریی یەکێتیی ئەوروپا لە بروکسل کۆدەبنەوە
وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا لە بروکسل کۆدەبنەوە، بۆ تاوتوێکردنی پشتیوانیی سەربازی بۆ ئۆکرانیا و بەهێزکردنی هاوکارییە بەرگرییەکان.
ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2026، کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی کایا کالاس، بەرپرسی باڵای سیاسەتی دەرەوە و ئەمنیی یەکێتیی ئەوروپا، بەڕێوە دەچێت و بڕیارە کاتژمێر 10:00ـی بەیانی بە کاتی بروکسل دەست پێ بکات.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ئەڤگێنی خمارا، وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا، لە رێگەی پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە بەشداری دەکات و قسە بۆ وەزیرانی بەرگریی یەکێتیی ئەوروپا دەکات.
بەگوێرەی بەرنامەی فەرمیی ئەنجومەنی یەکێتیی ئەوروپا، گفتوگۆکان لەسەر بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرانیا، درێژەدان بە ئەرکی راهێنانی سەربازانی ئۆکرانیا لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە، فراوانکردنی هاوکاریی پیشەسازیی بەرگری و ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کەشتییەکانی ئەو تۆڕە دەخولێنەوە کە بە ناوی فڵۆتی سێبەری ڕووسیا ناسراوە.
هەروەها، وەزیرانی بەرگری باسی هەڕەشە تێکەڵەکان، بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کڕینی کەرەستە و پێداویستییە بەرگرییەکان دەکەن.
پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی سەرەکی، ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ئاژانسی بەرگریی ئەوروپا بە سەرۆکایەتیی کایا کالاس کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی بەرنامەی راگەیەندراو، چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەکە نزیکەی کاتژمێر12:30ـی نیوەڕۆ کۆتایی بێت و دواتر کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی بەڕێوە بچێت.