لە چۆمان کارمەندێکی دەزگای مین بەر تەقینەوە کەوت
ئەمڕۆ کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی هەولێر، لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکی فەرمی لە سنووری قەزای چۆمان، بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوو.
ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رووداوەکە لە کاتی کارکردنی تیمەکان لە کێڵگەی مینی زەنگان لە گوندی رایەت روویداوە. کارمەندەکە ناوی جیهانگیر رەسوڵ حەسەنە و لە کاتی پاککردنەوەی کێڵگە مینەکەدا تووشی ئەو رووداوە بووە.
بەهۆی تەقینەوەکەوە یەکێک لە قاچەکانی کارمەندەکە پەڕیوە و ئێستا بۆ چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر کراوە.