وەزارەتی دادی عێراق 80 پارچە شوێنەواری دزراو دەگەڕێنێتەوە

وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند، بەهۆی هەوڵە یاساییە بەردەوامەکان، زیاتر لە 80 پارچە شوێنەواری دزراو و قاچاخکراو گەڕێندراونەتەوە بۆ وڵات.

ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتەکە روونیکردەوە، گەڕاندنەوەی ئەو پارچانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانیاندایە بۆ پاراستنی میراتی شارستانی و کولتووریی عێراق و گەڕاندنەوەی سەرجەم شوێنەوارە دزراوەکان.

بەڕێوەبەرایەتیی بەڕێوەبردنی سکاڵاکانی دەرەوە لە وەزارەتی داد، بەردەوامە لە بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیانەی پەیوەستن بە گەڕاندنەوەی شوێنەوارەکان.

هاوکات هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارچانەی رووبەڕووی دزی، قاچاخچییەکان و کڕین و فرۆشتن بوونەتەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە، باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن و لایەنە پەیوەندیدارەکان درێژەی هەیە.