یەکێتیی خانەنشینان: زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ فەرمانبەران

لۆگۆی یەکێتی خانەنشینانی کوردستان
لۆگۆی یەکێتی خانەنشینانی کوردستان

یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان پشتیوانیی خۆی بۆ بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی بۆ کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دەردەبڕێت و بە هەنگاوێکی ئەرێنی لەقەڵەمی دەدات.

ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتووەتەوە و لەلایەن چین و توێژەکانەوە پێشوازیی لێ کراوە. سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند "بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی بتوانن تا تەمەنی 65 ساڵی لە کارکردن بەردەوام بن، هەنگاوێکی باشە و بە تەواوی پشتیوانیی لێ دەکەین".

سادق عوسمان جەختیکردەوە "ئەو فەرمانبەرانە خاوەن توانان و دەتوانن لە بواری پسپۆڕیی خۆیان زیاتر خزمەت بکەن. ئەمە دەرفەتێکیشە بۆ کەسوکاری شەهیدان تا لە کارەکانیان بەردەوام بن و نیشانەی گرنگیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بەو توێژە، بەڵام نابێت بڕیارەکە ببێتە ناچاری".

سەبارەت بە دۆخی گشتیی خانەنشینی، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان روونیکردەوە، ئێستا بەهۆی ئەوەی پرۆسەی دامەزراندن ئەستەم بووە و کەمترین کەس دادەمەزرێت، پێویستە تەمەنی خانەنشینی بەگشتی زیاد بکرێت. ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو کە سەدان فەرمانبەر خوازیارن بەهۆی توانای بەردەوامیان، لە تەمەنی 63 ساڵیدا خانەنشین نەبن و خزمەتی زیاتر پێشکەش بکەن.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا کەسوکاری شەهیدان لەمەودوا دەتوانن تا تەمەنی 65 ساڵی خۆیان خانەنشین نەکەن و لە کارەکانیان بەردەوام بن. هاوکات داواکاریی زیندانیانی سیاسی بۆ زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی ئاراستەی حکوومەتی فیدراڵ کراوە.

بەگوێرەی ئامارەکان، ئێستا زیاتر لە 178 هەزار خانەنشینی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان هەن.