ئیمارات هۆشداری دەدات لە هەڵکشانی گرژییە نێودەوڵەتییەکان
ئیمارات لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێداگریی لەسەر هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە رێگەی ئاشتیانە کردەوە و داوای کۆتاییهێنان بە جەنگی سوودان، دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین و پاراستنی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی کرد.
خەلیفە شاهین مەرەر، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات، ئەمڕۆ دووشەممە 28ـی ئەیلوولی 2026، لە وتارەکەیدا رایگەیاند، ناوچەکە و جیهان بە قۆناخێکدا تێپەڕ دەبن کە گۆڕانکارییەکان تێیدا خێرا دەبن و ئاستەنگ و دابەشبوونەکان گەورەتر دەبن. مەرەر جەختی لە سیاسەتی جێگیری وڵاتەکەی کردەوە کە بریتییە لە هێورکردنەوەی دۆخەکە، بونیاتنانی پرد، بەهێزکردنی دیپلۆماسی و دیالۆگ و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە رێگەی ئاشتیانە.
ئیمارات رەتکردنەوەی بەکارهێنانی نایاسایی هێز، یان هەڕەشەکردن بەو هێزە و پەنابردن بۆ زۆرەملێی راگەیاند. حکوومەتی ئیمارات جەختی لە پێویستیی رێزگرتن لە سەروەریی دەوڵەتان، دراوسێیەتیی چاک و پابەندبوون بە یاسای نێودەوڵەتی و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان کردەوە.
لەبارەی دوورگە سێقۆڵییەکانی ئیمارات کە بریتین لە تەنبی گەورە، تەنبی بچووک و ئەبو موسا، ئیمارات هەڵوێستی خۆی لەبارەی داگیرکاریی ئێران دووپاتکردەوە و روونیکردەوە، هەمیشە پابەند بووە بە داواکردنی چارەسەرێکی ئاشتیانە لە رێگەی دانووستانی راستەوخۆ یان پەنابردن بۆ دادگای دادی نێودەوڵەتی.
سەبارەت بە دۆسیەی فەڵەستین، ئیمارات دووپاتیکردەوە، پابەندبوونی بەرامبەر بە گەلی فەڵەستین جێگیرە و پێویستیی ئاسۆیەکی سیاسیی جدی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەت دووپاتکردەوە. هەروەها داوای دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینیی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری کرد کە لەگەڵ ئیسرائیل لە ئاسایش و ئاشتیدا بژی.
ئیمارات داوای جێبەجێکردنی تەواوەتیی پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان لە غەزە و نەخشەڕێگەی پەیوەندیدار بەو پلانەوە. وڵاتەکە جەختی لە بەردەوامبوونی رۆڵی خۆی وەک گەورەترین بەخشەری هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەزە و کەناری رۆژئاوا کردەوە، هاوکات ئیدانەی کردەوەکانی نیشتەجێکردنی ئیسرائیل و هەوڵەکانی سەپاندنی واقعێکی نوێی مێژوویی و یاسایی لە کەناری رۆژئاوای کرد.
لە دۆسیەی سووداندا، ئیمارات جەختی لە پێویستیی گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی و بێ مەرج کردەوە کە کۆتایی بە جەنگی ناوخۆ بهێنێت. ئیمارات داوای دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی سیاسیی گشتگیر و متمانەپێکراوی بە سەرکردایەتییەکی مەدەنی کرد، بەو مەرجەی هیچ یەکێک لە لایەنەکانی ناکۆکییەکە رۆڵیان لە حکوومەتی مەدەنیی نوێدا نەبێت.
سەبارەت بە ئۆکرانیا، ئیمارات رایگەیاند، 26 پڕۆژەی ناوبژیوانیی کردووە بۆ ئاڵوگۆڕی نزیکەی 8 هەزار دیل لە نێوان ئۆکرانیا و رووسیا. لەلایەکی دیکەوە، ئیمارات دووبارە جەختی لە سەروەریی مەغریب بەسەر سەحرای مەغریب کردەوە و پاڵپشتیی خۆی بۆ چارەسەری سیاسی لەسەر بنەمای دەستپێشخەریی مەغریب راگەیاند.
لە کۆتاییدا، ئیمارات جەختی لە بەردەوامیی فراوانکردنی وەبەرهێنانەکانی لە زیرەکیی دەستکرد، تەکنەلۆژیا، تەندروستی و پەروەردە کردەوە. حکوومەتی ئیمارات روونیکردەوە، قەیرانەکان دەبێت لە رەگ و ریشەیانەوە چارەسەر بکرێن نەک تەنیا بەڕێوەببرێن، داواشی لە ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد هەوڵە چاکەکانی خۆی بۆ چالاککردنی ئامرازەکانی خۆپارێزی و ناوبژیوانی پێش دەرکەوتنی نیشانەکانی قەیرانەکان بەکاربهێنێت.