ئەحمەد هۆشیار: هیچ بڕیارێک بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان لەگەڵ ئێران نەهاتووە
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، تا ئێستا هیچ ئاگەدارکردنەوەیەکی ئاساییبوونەوەی گەشتی ئاسمانیی لە نێوان فرۆکەخانەکانی عێراق و ئێرانمان پێنەگەیشتوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2026، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: تا ئێستا هیچ ئاگەدارکردنەوەیەکی ئاساییبوونەوەی گەشتی ئاسمانیی لە نێوان فرۆکەخانەکانی عێراق و ئێرانمان پێنەگەیشتوە.
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، هەر ئاگەدارکردنەوەیەک هەبێت لەبارەی ئاساییبوونەوەی گەشتەکان، بە فەرمی لەلایەن دەستەی دەسەلاتی فرۆکەوانی عێراقی پێمان دەگات، تا ئێستا هیچ شتێک نیە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، یاسر عەبدولکەریم حەجاج، باڵیۆزی عێراق لە تاران لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) رایگەیاند "حکوومەتی عێراق هیچ بڕیارێکی بۆ راگرتنی گەشتەکان لەگەڵ ئێران دەرنەکردووە، بەڵکو هۆکاری راوەستانی گەشتەکان ئەوە بوو کە کۆمپانیا بیانییەکانی پێشکەشکاری خزمەتگوزاریی زەمینی لە فڕۆکەخانەکان، لە ترسی سزاکانی ئەمریکا ئامادەنەبوون خزمەتگوزاری پێشکەش بە فڕۆکە ئێرانییەکان بکەن."
رۆژی هەینی، 25ـی ئەیلوولی 2026، سەرسەنگ مەموندی، بەڕێوەبەری هێڵی ئاسمانیی ماهانی ئێرانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24 رایگەیاند "بڕیار بوو ئەمڕۆ گەشتێکمان لە تارانەوە بۆ هەولێر و بە پێچەوانەشەوە لە هەولێرەوە بۆ تاران هەبێت، بەڵام شەو پێیان راگەیاندین کە رێگەپێدراو نییە."
مەموندی گوتیشی: "هەر بۆ ئەمڕۆ، گەشتی ئاسمانیی کۆمپانیاکەمان بۆ شاری سلێمانیش هەڵوەشایەوە."