زێلێنسکی: کۆریای باکوور 10 هەزار سەرباز بۆ رووسیا دەنێرێت

ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، زیاتر لە 8 هەزار سەربازی کۆریای باکوور ئێستا لە رووسیادان. زێلینسکی روونیکردەوە، ئامادەکاری بۆ بڵاوەپێکردنی 10 هەزار سەربازی دیکە دەکرێت.

زێلینسکی لە پلاتفۆرمی ئێکس ئاشکرایکرد: کیێڤ زانیاری نوێی لەبەردەستدایە سەبارەت بە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی کۆریای باکوور لە رووسیا. ئەو سەربازانە ئێستا بۆ مەشق و راهێنان هەڵدەبژێردرێن وەک ئامادەکارییەک بۆ ناردنیان بۆ بەرەکانی جەنگ.

سەرۆکی ئۆکرانیا لە مانگی ئابدا پێشبینی کردبوو، لەوانەیە تا 50 هەزار سەربازی کۆریای باکوور بنێردرێن بۆ شەڕکردن لە پاڵ هێزەکانی رووسیا. لەو چوارچێوەیەدا، زێلینسکی داوای لە کۆریای باشوور کرد پاڵپشتیی بەرگریی ئاسمانی پێشکەش بە ئۆکرانیا بکات.

بەپێی مەزەندەکانی ئۆکرانیا و کۆریای باشوور، پیۆنگیانگ لە 2024ـەوە 14 تا 15 هەزار سەربازی بۆ پاڵپشتیکردنی رووسیا ناردووە و زۆربەیان لە ناوچەی کورسک جێگیر کراون.

کیێڤ هەروەها پیۆنگیانگ تۆمەتبار دەکات بەوەی ملیۆنان گوللـەی تۆپهاوێژ و هاوەن، لەگەڵ مووشەکی بالیستی، سیستەمی تۆپهاوێژی مەودادوور و راجیمەی مووشەکی پێشکەش بە مۆسکۆ کردووە.

هاوکات گرژی لە نێوان کیێڤ و سیئۆل دروست بووە. هەفتەی رابردوو زێلینسکی رایگەیاند، دوو سەربازی دیلی کۆریای باکوور رەوانەی کۆریای باشوور کراون. ئەو هەنگاوە کاردانەوەی سیئۆلی لێکەوتەوە و بەرپرسانی ئەو وڵاتە نیگەرانیی خۆیان دەربڕی، بەو پێیەی رێککەوتنێکی پێشوو هەبووە بۆ ئەوەی پرۆسەی گواستنەوەکە بە نهێنی بمێنێتەوە.