پۆلیسی هەولێر لێکۆڵینەوە لە دۆزینەوەی تەرمی ئافرەتێک دەکات
پۆلیسی هەولێر دۆزینەوەی تەرمی ئافرەتێکی لە قەراخ زێی گەورە لە سنووری شارەدێی دارەشەکران راگەیاند و، جەخت دەکاتەوە، لێکۆڵینەوەکان بۆ زانینی هۆکاری رووداوەکە و دۆزینەوەی کەسوکاری بەردەوامن.
کیفاح حەسەن، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، کاتژمێر 07:30ـی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، لە بوونی تەرمی ئافرەتێک لە قەراخ زێی گەورە لە نزیک گوندی گۆپاڵ لە سنووری شارەدێی دارەشەکران ئاگادار کراونەتەوە، تەمەنی ئافرەتەکەش لە نێوان 25 بۆ 30 ساڵ دەبێت.
هەرچەندە پۆلیسی هەولێر هیچ زانیارییەکی لەبارەی شوێنەواری ئەشکەنجە، گولـــلە یان هەر زەبرێکی لێدان لەسەر جەستەی ئافرەتەکە نەدرکاند؛ بەڵام کیفاح حەسەن، ئەوەی خستەڕوو، تەرمەکە رەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کراوە و لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن، بۆیە چاوەڕێی گەڕانەوەی راپۆرتی پزیشکی دەکەن بۆ ئەوەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ رای گشتی بخەنەڕوو.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، پۆلیسی هەولێر لە هەوڵی دۆزینەوەی کەسوکاری ئافرەتەکەدایە بۆ ئەوەی هەم لە لێکۆڵینەوەکاندا زانیارییان لێ وەربگرێت، هەمیش دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان تەرمەکەیان رادەست بکاتەوە.
زێی گەورە یەکێکە لە رووبارە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان و بە چەندین ناوچەی گەشتیاری و گوندنشینی سنووری پارێزگای هەولێردا تێدەپەڕێت. شارەدێی دارەشەکران و گوندەکانی دەوروبەری، لە نێویاندا گوندی گۆپاڵ، دەکەونە سەر ئەم رووبارە و زۆرجار هاووڵاتییان بۆ مەبەستی گەشتیاری یان راوەماسی رووی تێدەکەن.
لە ساڵانی رابردوودا چەندین جار حاڵەتی خنکان یان دۆزینەوەی تەرم لە قەراخەکانی زێی گەورە تۆمار کراون. بەشێک لەم رووداوانە بەهۆی مەلەکردن و خنکانەوە بوون، بەڵام هەندێک جاریش تەرمی کەسانی کوژراو لە ئاوەکەدا فڕێدراون بۆ ئەوەی شوێنەواری تاوانەکە بشاردرێتەوە و پۆلیس چەواشە بکرێت.