سەرۆک بارزانی: ماددەی 140 کۆتایی نایەت و دەستبەرداری نابین

سەرۆک مەسعود بارزانی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی شەرقییە شیکارییەکی قووڵی بۆ دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق، مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، جەنگی ئەمریکا و ئێران و ئاییندەی ناوچەکە خستەڕوو.

سەرۆک مەسعود بارزانی، رایگەیاند: کە دامەزراوە دەستوورییەکانی عێراق حوکمی وڵات ناکەن، بەڵکوو "دەوڵەتۆچکە هاوتەریبەکان" دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە. هاوکات هۆشداریی دا لەوەی ئەگەر عێراق نەگەڕێتەوە سەر بنەما سەرەکییەکانی پێکەوەژیان و جێبەجێکردنی دەستوور، سیستەمی سیاسی تووشی داڕمان دەبێت.

 

مێژووی خەبات و فیدراڵیەت

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، کە لە دوای رووخانی رژێمی پێشوو لە ساڵی 2003، خەباتی گەلی کورد گەیشتە قۆناخێکی نوێ کە تێیدا پەرلەمانی کوردستان فیدراڵیەتی پەسەند کرد وەک ئامرازێک بۆ بونیادنانی عێراقێکی نوێ، هاوکات گوتی: بەشێکی گەورەی ئاوات و خەباتی گەلی کورد بەدیهاتووە بەڵام نەک هەمووی.

سەرۆک بارزانی روونی کردەوە، کە فیدراڵیەت بە مانای دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و سامان دێت، کەچی بەشێکی زۆر لە دەسەڵاتدارانی بەغدا باوەڕیان بەم پرەنسیپە نییە و تا ئێستاش کولتووری حوکمی مەرکەزی زاڵە؛ لەو بارەیەوە هۆشداری دا کە "حوکمی مەرکەزی پێشتر بە ئاسن، ئاگر، چەکی کیمیایی و ئەنفال تاقیکرایەوە و شکستی هێنا و رووخاند، بۆیە هەر دەسەڵاتێکی دیکەش پەنا بۆ هەمان شێواز ببات، چارەنووسی هەر ڕووخان دەبێت."

 

پەکخستنی دەستوور و سێ بنەما سەرەکییەکە

سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە دوای 2003 رێککەوتن کرابوو عێراقی نوێ لەسەر سێ بنەمای سەرەکی (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان) بونیاد بنرێتەوە و دەستووریش بەم رۆحیەتە نووسرایەوە، بەڵام لە واقیعدا پیادە نەکراوە.

 گوتیشی: "رووبەڕووی دۆخێکی سەیر دەبینەوە؛ لەسەر کارنامەی حکوومەتی عێراق رێکدەکەوین و واژووی دەکەین، کەچی هەر کە حکوومەت پێکهات، دەستوور و رێککەوتنەکان فەرامۆش دەکرێن و میزاجی کەسی دەبێتە بڕیاردەر."

ئاماژەی بەوەش کرد، دەستوور نەخشەڕێگەیە بۆ چارەسەری سەرجەم کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەگەر وەک دادوەر و ناوبژیوان پەسەند بکرێت، کێشەکان زۆر بە سادەیی چارەسەر دەبن.

 

کابینەی زەیدی و دۆسیەی چەکی بێمۆڵەت

سەرۆک بارزانی پاڵپشتیی خۆی بۆ سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی دووپات کردەوە و گوتی: زەیدی کەسێکی گەنجە و خاوەنی نییەتێکی پاک و دروستە و ئێمە لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا هاوکاریی تەواومان کردووە و سەرجەم ئەو تۆمەتبارانەی پارەیان دزیبوو و هاتبوونە هەرێم، رادەستی بەغدامان کردوونەتەوە.

سەبارەت بە دۆسیەی سنووردارکردنی چەک بە دەستی دەوڵەت، سەرۆک بارزانی بە ئەرکێکی سەختی ناوبرد بەهۆی هەبوونی لایەنی سوودمەند لەو چەکانە و هۆشداری دا: "ئومێدەوارین ئەم پرسە نەگاتە ئاستی شەڕی ناوخۆ، چونکە لە قازانجی هیچ لایەکماندا نییە، بەڵام دەبێت چەک لەژێر فەرمانی سەرکردایەتیی گشتیدا بێت، نەک هەر گرووپە و بە ئارەزووی خۆی هەڵسوکەوت بکات."

 

جەنگی ئەمریکا و ئێران، هەڕەشەی داعش و نەمانی دۆلار

سەرۆک بارزانی، گوتی: دۆخی گشتیی عێراقی بەستراوەتەوە بە دەرئەنجامی ململانێ و جەنگی نێوان واشنتن و تاران و، هۆشدارییەکی توندی دایە ئەو لایەنانەی دژایەتیی ئەمریکا دەکەن و گوتی: ئەگەر ئەمریکا بە بڕیارێکی سادە ناردنی دۆلار بۆ عێراق رابگرێت، دوای دوو بۆ سێ مانگ وڵات ناتوانێت مووچە بدات؛ ئەو کاتە ئەو کەسانەی موزایەدە دەکەن با وەڵام بدەنەوە کە چی دەکەن؟ لە کاتێکدا داهاتی عێراق بە تەواوی لەسەر نەوتە.

لە بارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانیش، سەرۆک بارزانی ئەزموونی ساڵی 2011ـی وەبیر هێنایەوە کاتێک لە وەزیرانی بەرگری و ناوخۆی پرسیبوو ئایا دەتوانن پارێزگاری لە وڵات بکەن و ئەوانیش گوتبوویان "تەنانەت بنکەیەکی پۆلیسیشمان پێ ناپارێزرێت"، کە دواتر بووە هۆی کارەساتی داگیرکاریی داعش لە 2014.

سەرۆک بارزانی گوتی: داعش تێکشکاوە بەڵام هێشتا هەڕەشەیە و کشانەوەی هاوپەیمانان بەبێ رێککەوتنی دووقۆڵی، دەرگا بۆ سیناریۆی مەترسیدار دەکاتەوە.

 

پەلامارە درۆنییەکان بۆ سەر کوردستان

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هێرشە بەردەوامەکان، سەرۆک بارزانی بە توندی ناڕەزایەتی دەربڕی و گوتی: هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک بەشێک نییە لە جەنگی ئەمریکا و ئێران، بەڵام تا ئەمڕۆ زیاتر لە هەزار مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئاراستەی هەرێم کراون، ئەمەش مایەی سەرسوڕمان و توندترین سەرکۆنەیە.

 سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی ئێرانیش جەختی کردەوە، گۆڕانکاری لە ئێران تەنیا بە دەستی گەلی ئێران دەکرێت نەک دەستوەردانی دەرەکی.

 

ماددەی 140، یاسای نەوت و گاز و پشکی بودجە

سەرۆک مەسعود بارزانی جەختی لە مافە دەستوورییەکان کردەوە و گوتی: "ماددەی 140 ماددەیەکی دەستووریی زیندووە، کۆتایی نایەت و دەستبەرداری نابین.

لەبارەی یاسای نەوت و گازیش، ئاشکرای کرد، لە ساڵی 2007 ڕەشنووسێکی نموونەیی بە هاوکاریی پسپۆڕانی نێودەوڵەتی ئامادە کرا، بەڵام وەزیری نەوتی ئەوکاتی عێراق بە هۆی گوتاری نەژادپەرستانە دژ بە گەلی کورد رەتیکردەوە.

سەرۆک بارزانی گوتی: بەپێی ماددەی 111 و 112 ـی دەستوور، نەوت موڵکی هەموو گەلانی عێراقە و ئێمە لەگەڵ بەڕێوەبردنی هاوبەشین بەپێی دەستوور.

هەروەها پشکی هەرێمی کوردستانی لە بودجەی گشتیدا بەپێی سەرژمێری دیاری کرد و گوتی: بەبێ ناوچە دابڕێنراوەکان، پشکی راستەقینەی هەرێم لە نێوان 14 بۆ 14.5% دەبێت و پێویستە جێگیر بکرێت.

 

یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و پەیامێک بۆ رۆژئاوای کوردستان

سەرۆک بارزانی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە  بە هەنگاوێکی مێژوویی و نیشتمانی وەسف کرد.

لە بارەی کوردانی سووریاشەوە، سەرۆک بارزانی گوتی: "کورد لە سووریا بەشێکی ئازیزی جەستەی ئێمەن، پێویستە بپارێزرێن و هاوکارییان بکەین لە رێگەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق بۆ ئەوەی دۆخی خۆیان بچەسپێنن.

سەرۆک بارزانی وانەیەکی مێژوویی خستەڕوو و رایگەیاند: "ئەگەر متمانەت بە خۆت نەبێت و تەنیا پشت بە هێزی دەرەکی ببەستیت، ئەمریکاش بێت یۆژێک دادێت دەتخات؛ گرنگ ئەوەیە پشت بە بازووی خۆت ببەستیت.


سەروەریی عێراق و گەشبینی بە ئاییندە

سەرۆک بارزانی جەختی لە پاراستنی کەرامەت و سەروەری کردەوە و گوتی: دەبێت عێراقییەکان خۆیان بڕیار لەسەر سەروەریی خۆیان بدەن و لە کاتی پێویستدا بڵێن نەخێر"

سەرۆک مەسعود بارزانی، چاوپێکەوتنەکەی بە پەیامێکی هیوابەخش کۆتایی پێهێنا و رایگەیاند: "سەرەڕای هەموو ئاڵۆزی و ئاڵنگارییەکان، من هەمیشە و بەردەوام بە ئاییندە گەشبینم".