سێنتکۆم: ئەرکی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە سووریا بەردەوام دەبێت

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) کۆتاییهاتنی پرۆسەی کشانەوەی هێز و کەرەستە سەربازییەکانی ئەمریکای لە فرۆکەخانەی هەولێر راگەیاند، کە لە 30ی ئەیلوولدا کۆتایی پێهات. بەمەش کۆتایی بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە عێراق هات.

ئەم هەنگاوە بەشێکە لە گواستنەوەیەکی پێشوەختە پلانی بۆ داڕێژراو بۆ سەر پێکهێنانی پەیوەندییەکی بەرگریی دوولایەنەی نێوان ئەمریکا و عێراق. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەرکە هاوبەشەکانی هاوپەیمانییەکە لە ئوردن بەردەوام دەبن و ناوەندی سەرەکیی خۆیان دەگوازنەوە بۆ ئەو وڵاتە، ئەمەش بۆ بەردەوامبوونی کەمپینی دژ بە داعش لە سووریا شانبەشانی هاوبەشانی هاوپەیمان و حکوومەتی سووریا.

لەم بارەیەوە، براد كوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتكوم) رایگەیاند: دەستخۆشییەکی گەورە ئاراستەی دەیان هەزار سەرباز، دیپلۆماتکار و فەرمانبەری مەدەنیی ئەمریکی دەکەین کە وەڵامی بانگەوازەکەیان لە عێراق دایەوە. بەهۆی ئازایەتی، قوربانیدان و پیشەگەرێتیی ئێوەوە، داعش ئیتر مەترسییەکی سیستماتیکی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق نییە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، لەوانەش پێشمەرگە و هێزەکانی دیکەی هەرێمی كوردستانی عێراق، ئێستا خاوەنی توانا، سەرکردایەتی و سەربەخۆیی ئۆپەراسیۆنین بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان بە تەنیا.

پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراقی فیدراڵ لە تشرینی یەکەمی رابردووەوە دەستی پێکردبوو، و لە مانگی ئەیلوولدا بە تەواوبوونی چۆڵکردنی بنکەی ئاسمانیی هەولێر لە کارمەند و کەلوپەل گەیشتە قۆناخی کۆتایی.

بنکەی ئاسمانیی هەولێر، کە دەکەوێتە هەرێمی كوردستان لە باکووری عێراق، وەک ناوەندێکی سەرەکیی بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانان خزمەتی کردبوو و زۆرینەی ئەو 1,500 سەربازە ئەمریکی و هاوپەیمانەی تێدا جێگیر بوو کە پشتگیریی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعشیان دەکرد.

ئەمیرال براد كوپەر لە کۆتاییدا جەختیکردەوە: لە کاتێکدا هەنگاو بنێین دواوە و بەرپرسیارێتی تەواوی ئەمنی عێراق بسپێرینە دەست حکوومەت و خەڵکی خاوەن شکۆی عێراق، هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ناوچەکەدا لە ئامادەباشیدا دەبن بۆ هەر هەڕەشەیەکی نەخوازراوی داعش. پاراستنی هوشیاری و ئامادەباشی، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ پاراستنی خاکی ئەمریکا و بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە.