بەرەی مقاوەمە: پابەندی هیچ وادەیەک بۆ دانانی چەک نابین

 گوتەبێژی فەرمیی مقاوەمەی ئیسلامی لە رایگەیاند، هێزەکانی مقاوەمە پابەندی هیچ وادە و رێککەوتنێک نابن لە لایەن لایەنێکی حکوومی یان سیاسییەوە بۆ پرسی رادەستکردن یان کۆنترۆڵکردنی چەکەکانیان دیاری بکرێت.

جەعفەر حوسەینی، گوتەبێژی بەرەی مقاوەمەی عێراق، چوارشەممە 30ـی ئەیلوولی 2026 رایگەیاند، زیاتر لە چل رۆژە مقاوەمەی ئیسلامی لە رێگەی لیژنەیەکی چوارقۆڵییەوە لە لایەن چوارچێوەی هەماهەنگی و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق پێکهێنراوە، دەستی بە دانوستان کردووە بۆ تاوتوێکردنی پرسی رێکخستنی چەکی بەرەی مقاوەمە، ئەمەش لە بەرامبەر دەستەبەرکردنی سەروەریی تەواو و هەمەلایەنەی عێراق لە رێگەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، هاوپەیمانیی ناتۆ و سەرجەم شێوازەکانی بوونی سەربازیی بیانی بە وشکانی، ئاسمانی و دەریایی، هاوکات بە پاراستنی مافی بەرەی مقاوەمە بۆ وەڵامدانەوەی راستەوخۆ بەرامبەر هەر پێشێلکارییەکی ئەمریکی یان ئیسرائیلی بۆ سەر خاکی عێراق.

جەعفەر حوسەینی گوتیشی: "سەرەڕای ئەوەی رەشنووسی رێککەوتنەکە بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن لیژنە چوارقۆڵییەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی و چوار لایەنەکەی مقاوەمەوە واژۆ کراوە، بەڵام تا ئەم ساتەش وەڵامی فەرمیی حکوومەتی عێراقمان بەدەست نەگەیشتووە".

حوسەینی روونیکردەوە، چەکی مقاوەمە وەک ئەمانەت لە دەستی خەباتگێڕاندا دەمێنێتەوە و ئاراستەکەی بەرەو رووی هەر دوژمنێک دەبێت عێراق و گەلەکەی بکاتە ئامانج، هاوکات جەختیشی کردەوە دەرگایان کراوەیە بۆ هەر گفتوگۆیەک سەروەریی عێراق مسۆگەر بکات و کۆتایی بە هەژموونی ئەمریکا بهێنێت.

ئەم پەیامەی مقاوەمە لە کاتێکدایە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشتر بەڵێنی دابوو تاوەکو حوزەیرانی 2027 چەکی سەرجەم گرووپە چەکدارەکان لە عێراق دابماڵێت، و هۆشداریی دابوو کە مۆڵەتی 90 رۆژ لەبەردەم ئەو گرووپانەدایە و دوای ئەو وادەیە وەک هێزی دەرچوو لە یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

زەیدی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" باسی لەوە کردبوو، پلانی داماڵینی چەک بە قۆناخ جێبەجێ دەکرێت، ئەم هەنگاوەش بەشێکی سەرەکی دەبێت لە سیاسەتی عێراق بۆ بەڕێوەبردنی هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و ئێراندا.

هاوکات لیام هۆڵن، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان، لە گوتارێکدا لە میانی رێوڕەسمی فەرمیی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، ئەم قۆناخەی بە ساتەوەختێکی مێژوویی ناوبرد و رایگەیاند: ئەمڕۆ عێراق بژاردەی دەوڵەتبوونی هەڵبژاردووە و پێشەنگی داوە بە پاراستنی سەروەریی خۆی بەسەر هەر دەستە و تاقمێک هەڕەشە لە سەقامگیریی وڵاتەکە بکەن.

فەرماندەی هاوپەیمانان ئاشکرای کرد، دوێنێ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی رێکخراو کشانەوەیان لە بنکەی سەربازیی هەولێر کۆتایی پێهێناوە، کە وەک دوایین بنکەی ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانان بوو لە عێراق، ئەوەش دوای ئەوەی ئەرکی سەرەکیی هاوپەیمانان لە تێکشکاندنی خەلافەتی داعش بە سەرکەوتوویی درا.

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، هۆڵن رایگەیاند، دە ساڵ قوربانیدانی هاوبەشی نێوان هێزە عێراقییەکان و هاوپەیمانان کرد و جەختی کردەوە، وێڕای کۆتاییهاتنی ئەرکی مەیدانی، پێویستە هێشتا چاوکراوە و وریابن لە ئاست مەترسییەکان.

فەرماندەی هاوپەیمانان هۆشداریدا لەوەی عێراق نابێت چاوپۆشی لە هیچ هەڕەشەیەکی ئەمنی بکات و گوتی: کاتی ئەوە هاتووە عێراق دەستپێشخەریی تەواو بگرێتە دەست. ئێمە بە تەواوی پشتیوانی لە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران عەلی فالح زەیدی دەکەین بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی میلیشیاکان، چونکە ئیتر لەم قۆناخەدا هیچ بیانوو و پاساوێک نەماوەتەوە بۆ بوونی گرووپی چەکدار لە دەرەوەی کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی دەوڵەتدا.

لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا، لە فۆڕمی هاوپەیمانیی فرەلایەنەوە دەگوازرێتەوە بۆ رێککەوتنی دووقۆڵیی ئەمنی و ستراتیجی، و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی هێزە شەرعییەکانی عێراق بۆ دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی سەقامگیر و ئارام.