کوردستان24 هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی وەزیری دارایی و ئابووری ئاشکرا دەکات
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان نامەی دەستلەکارکێشانەوەی نووسیوە و گوتەبێژی وەزارەتی داراییش دەڵێت بەهۆی فشارەکانی دەسەڵاتدارانی پارێزگای سلێمانییەوە دەستلەکارکێشانەوەکەی نووسیوە.
چوارشەممە 30ـی ئەیلوولی 2026، هونەر جەمال گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری بە کوردستان24ی راگەیاند، لە سنووری پارێزگای سلێمانی فشارێکی زۆر لە ستافی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەکرێت و رێگری لە کارەکانی وەزارەتەکە دەکرێت بەهۆی ئەو فشارانە وەزیری دارایی و ئابووری دەستی لە کارکێشاوەتەوە وەک ناڕەزایەتییەک دژی ئەو رێگری و فشارانەی کە دەکرێتە سەر ستافی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە پارێزگای سلێمانی.
هونەر جەمال باسی لەوەش کرد، یەکێک لەو دۆسییانەی کە بووەتە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری داواکاری بەرپرسانی پارێزگای سلێمانییە بۆ سزادان یان دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری خانووبەرەی میریی پارێزگای سلێمانییە کە لە پشکی گۆران ئەو پۆستەی وەرگرتووە، بەگوێرەی دوو نووسراوی فەرمی کە یەکێکیان واژۆی ئاوات شێخ جەنابی لەسەرە و لە بەرواری 29ـی ئەیلوول دەرکراوە، وەزیری دارایی و ئابووری لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەسەر بەڕێوەبەری خانووبەرەی میری پارێزگای سلێمانی پێکهێناوە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەو دەنگۆیانەی لەبارەییەوە دەکرێت.
لەبارەوە گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری گوتی، بەرپرسانی پارێزگای سلێمانی داوای دوورخستنەوەی ئەو بەرپرسەیان کردووە بەڵام ئاوات شێخ جەناب گوتەیەتی بەبێ لێکۆڵینەوە و دڵنیابوونەوە لەوەی کە سەرپێچی کردووە و یاسای پێشێلکردووە و بڕیاری دوورخستنەوەی دەرناکەم لەبەر ئەوەشە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ ئەو مەبەستە پێکهێناوە.