کۆشکی سپی پەردەی لەسەر نهێنیترین پیاوی ئەمنیی چین لادا

کۆشکی سپی ئەمریکا، لیستی میوانانی سەردانەکەی سەرۆکی چینی بۆ وڵاتەکەی ئاشکرایکرد، لە لیستەکەدا ناسنامە و پێگەی یەکێک لە میوانەکان ئاشکرا بووە، یەکێک بووە لە گرنگترین و نهێنیترین بەرپرسە ئەمنییەکانی بەیژینگ، و واشنتن تا دوای گەڕانەوەی بۆ چین پێی نەزانیوە. 

بەگوێرەی راپۆرتێکی سی ئێن ئێن، ئەو بەرپرسە ئەمنییەی لە چەند ساڵی رابردوودا تەنیا لە چەند بۆنەیەکی کەمدا لە تەنیشت سەرۆکی چین دەرکەوتبوو و لە خوانە فەرمییەکەی کۆشکی سپیشدا بە دیاری بینرا، ناوی "تشۆ هۆنگشۆ"یە و بەڕێوەبەری نووسینگەی پاسەوانی ناوەندییە، دەزگایەکە هاوشێوەی دەزگای پاسەوانیی نهێنیی ئەمریکایە (Secret Service). بەیژینگ پێشتر بە شێوەیەکی فەرمی ناونیشانی پۆستەکەی تشۆی ئاشکرا نەکردووە، هەروەها لە ژیاننامە فەرمییەکەشیدا زانیارییەکی زۆر کەمی بۆ لایەنە پەیوەندارەکان ئاشکراکردووە و بە تەواوەتی تشۆی بە لایەنی بەرامبەر نەناساندووە.

هەر بە گوێرەی راپۆرتەکە، چاودێران پێشتر گومانیان لە پۆستەکەی تشۆ هەبووە، بەڵام ئەم بابەتە بە تەواوی پشتڕاست نەکرایەوە تا ئەو کاتەی کۆشکی سپی لیستی ناوی میوانە چینییەکان و ناونیشانە فەرمییەکانیانی لە میانی خوانی ئێوارەی فەرمی بە میوانداریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڵاوکردەوە. لە دیمەنەکانی تەلەڤزیۆنی فەرمیی چینیشدا (CCTV)،تشۆ هۆنگشۆ لە پشتی مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەردەکەوێت. هەروەها تشۆ لە 12ـی ئەیلوولی 2026 لە کاتی کۆبوونەوەی سەرۆکی چین لەگەڵ نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان لە نیودەلهی لە نێوان دوو جێگری وەزیری دەرەوەی چیندا دانیشتبوو، بەڵام میدیا فەرمییەکانی چین ناسنامەکەیان ئاشکرا نەکردبوو.

بەرپرسێکی ئەمنیی باڵا و دەرکەوتنێکی دەگمەن

سی ئێن ئێن ئاشکرای کردووە، ئامادەبوونی تشۆ هۆنگشۆ لە دیدارە دیپلۆماسییە باڵاکاندا تیشک دەخاتە سەر چینێکی نوێ و گەنجتر لە کادیران و بەرپرسانی ئەمنیی حزبی شیوعی، بوونەتە متمانەپێکراوترین یاریدەدەرەکانی شی جینپینگ، ئەمەش لە کاتێکدایە تەنیا ساڵێکی ماوە بۆ بەستنی کۆنگرەی نیشتمانیی داهاتووی حزبی فەرمانڕەوا زۆربەی پۆستە سەرکردایەتییەکان یەکلایی دەکاتەوە.

لەو بارەیەوە دینگ ییوێن، جێگری پێشووی سەرنووسەری گۆڤاری "ستەدی تایمز"ی حزبی فەرمانڕەوا بە سی ئێن ئێنی گوتووە: "رەنگە تشۆ یەکەم بەرپرسی باڵای ئەمنی بێت بە شێوەیەکی ئاشکرا لە گفتوگۆ دیپلۆماسییە ئاستبەرزەکاندا بەشداری بکات. ئەگەر سەرۆکی چین بە مەبەست دەرفەتی ئەم دەرکەوتنەی پێدابێت، ئەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتیی گەورەتری پێسپێردراوە و رەنگە رۆڵێکی گرنگتری لە ئاڵوگۆڕی سەرکردایەتیی داهاتوودا پێبدرێت".

وێنە: تشۆ هۆنگشۆ، بەڕێوەبەری نووسینگەی پاسەوانی ناوەندیی چین لە کاتی سەردانی سەرۆکی چین بۆ هیندستان 

 

دەزگای پاسەوانی ناوەندی چییە؟

"نووسینگەی پاسەوانی ناوەندی" بە یەکێک لە نهێنیترین بەشەکانی دەزگای ئەمنیی گەورەی چین هەژمار دەکرێت پاراستنی سەرکردە باڵاکانی چین و کۆمەڵگەی فەرمیی "چۆنگنانهای" لە ناوەندی بەیژینگ لە ئەستۆ دەگرێت. میدیا فەرمییەکانی چین دەزگاکە وەک دامەزراوەیەکی تایبەت وەسف دەکەن لەسەر هێڵی نێوان پۆلیس و سوپادایە و متمانەیەکی رەهای سەرکردایەتیی باڵای وڵاتی دەوێت.

ئەم دەزگایە لە ساڵی 1950 دامەزراوە و رەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی ناوخۆیی چین. لە رووی پێکهاتەی رێکخستنەوە بە "نووسینگەی ژمارە 9 " ناسراوە و هەرچەندە لە چوارچێوەی وەزارەتی ئاسایشی گشتیدایە، بەڵام بە تەواوی سەربەخۆ کاردەکات و راپۆرتەکانی راستەوخۆ دەداتە نووسینگەی تایبەتی شی جینپینگ. بەڕێوەبەری پێشووی دەزگاکە لە نیسانی 2023 کۆچی دوایی کرد و بەیژینگ تا سێ مانگ دوای رووداوەکە هەواڵی گیانلەدەستدانەکەی و پۆستەکەی رانەگەیاندبوو.

ئامادەکاری بۆ گۆڕانکاری لە سەرکردایەتیدا

شرۆڤەکاران پێیان وایە بەستنی کۆنگرەی 21ـی نیشتمانیی حزبی شیوعی، گۆڕانکاریی بەرچاو لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا دروست دەکات، چونکە زۆربەی بەرپرسە دێرینەکان بەهۆی تەمەنەوە وەک وانگ یی کە تەمەنی دەبێتە 73 ساڵ، قۆناخی خانەنشینییان نزیک دەبێتەوە. لەبەر ئەوە، دەرکەوتنی تشۆ هۆنگشۆ شانبەشانی بەرپرسانی دیکەی گەنج و نزیک لە سەرۆک، وەک ماو نینگ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە کە تەمەنی بووە بە 53 ساڵ، هۆنگ لی بەرپرسی پرۆتۆکۆڵ و تەمەن 57-ساڵ، و لو لوهوا سکرتێری تایبەتی شی، وەک ئاماژەیەک بۆ بەهێزکردنی پێگەی دەستەبژێری نوێی دەسەڵات لە بەیژینگ لێکدەدرێتەوە.