عێراق ماوەی پلانی ستراتیژیی بەرگریی ئاسمانیی لە شەش ساڵەوە بۆ سێ ساڵ کەمدەکاتەوە

 گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، راگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، سەروەریی نیشتمانی و بەرهەمی قوربانیدانی گەلی عێراق و هێزە ئەمنییەکانە. نوعمان روونیکردەوە، هاوبەشییەکە لە داهاتوودا لەسەر چەکدارکردن و ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری دەبێت.

 سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی عێراقییە، گوتی: "ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بەڕێوەبرد، تێیدا تێکڕای ئاستەنگەکانی داهاتوو و دیدگای داهاتوو دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانییەکە تاوتوێکرا".

گوتیشی، کۆبوونەوەکە چەند راسپاردەیەکی لێکەوتەوە، لەوانە بەردەوامبوونی پاڵپشتی و بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی هێزە چەکدارەکان، چڕکردنەوەی کار و هەماهەنگی هەواڵگری، لەگەڵ بەردەوامبوون لە بە ئامانجگرتنی پاشماوەکانی داعش و پاڵپشتیکردنی هێزی ئاسمانی، فڕۆکەوانی سوپا و دەزگای دژەتیرۆر.

هاوکات هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەچێتە قۆناخی پەیوەندی دوولایەنەی بنەما لەسەر یەکسانی و لە داهاتوودا لەسەر بوارەکانی مەشق، چەکدارکردن و ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئەزموونی هەواڵگری چڕ دەبێتەوە. فەرماندەیی بەرگری ئاسمانی لە وەزارەتی بەرگری پلانی ستراتیژی ئامادە کردووە و ماوەکەی لە شەش ساڵەوە بۆ سێ ساڵ کورت کراوەتەوە بۆ ئەوەی خزمەت بەو بوارە گرنگە بکات.

دەربارەی بەهێزکردنی توانای بەرگری، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق گوتی، سندووقێکی تایبەت بۆ دارایی گرێبەستەکانی چەکدارکردن و کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی کراوەتەوە. رایگەیاند، "لە ماوەی داهاتوودا یەکەمین سیستەمی تێکەڵاوی بەرگری ئاسمانی دەگات، کە رادار، مووشەکی بەرگری و درۆن لەخۆ دەگرێت، جگە لە راسپاردنی دەستەی پیشەسازی سەربازی بۆ چوونە ناو هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییە رەسەنەکان بەمەبەستی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە شێوەیەکی خۆجێیی بەپێی تایبەتمەندییە داواکراوەکان".

سەبارەت بە پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت، حکوومەت بە سەرپەرشتی فەرماندەی گشتی و لێژنەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی، گفتوگۆی ئاست بەرزی لەگەڵ گرووپەکان دەستیپێکردووە بۆ دانانی تێگەیشتنەکان. کۆتاییهاتنی بوونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەر پاساوێکی مانەوەی چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت رەتدەکاتەوە، حکوومەتیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە رێگە بە مانەوەی چەک لە دەرەوەی دامەزراوەی سەربازی دەستووری نادات، لەگەڵ دیاریکردنی وادەیەکی دیاریکراو بۆ پێداچوونەوە بە چەکەکان، بنکەدراوەکان و چەکدارەکان.