بە درۆن هێرشکرایە سەر کەمپی ئازادیی کۆیە

بە درۆنێکی هێرشکرایە سەر کەمپی ئازادی لە کۆیە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی هەبێت.

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە بارەی هێرشە درۆنییەکەوە بڵاویکردووەتەوە، کاتژمێر 20:22 خولەکی ئەمشەو چوارشەممە 30ـی ئەیلوولی 2026، بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرشکراوەتە سەر کەمپی ئازادی - کۆیە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

هەرچەندە هیچ زانیارییەک لە بارەی سەرچاوەی هەڵدانی درۆنەکە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام ئەمە لە 72 کاتژمیری رابردوودا دووەم هێرشی درۆنییە دەکرێتە سەر ئەم کەمپە لە سنووری کۆیە. هێرشەکەی پێشوو بەرەبەیانی دووشەممە 28ـی ئەم مانگە لە دوو کاتی جیاواز بە سێ درۆن هێرشکرایە سەر کەمپەکە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی هەبێت.

هێرشەکەی ئەمشەو هاوکاتە لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوباتی ئەمساڵەوە دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستا بە زیاتر لە 1000 درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکراوەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، زۆرینەی هێرشەکانیش بۆ سەر هەولێر بوون.