سووریا: بەهۆی تەقینەوەیەک سێ وێستگەی سەرەکیی کارەبا لەکار کەوت

کۆمپانیای گشتیی کارەبای سوریا رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەی هێڵێکی گواستنەوەی گازەوە، هەرسێ وێستگەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی کارەبا (دێر عەلی، ناسریە و تشرین) بە تەواوی لەکارکەوتوون، بەوهۆیەوە بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا دابەزیوە و ماوەی پچڕانی تەزووی کارەبا بە شێوەیەکی کاتی زیاد دەکات.

چوارشەممە 20ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راگەیەندراوی کۆمپانیای گشتیی کارەبای سووریا، تەقینەوەکە لە نزیک شارۆچکەی "عوتەیبە" لە هێڵی سەرەکیی دابینکردنی گازی وێستگەی گەرمیی تشرین روویداوە، ئەمەش راستەوخۆ بووەتە هۆی راگیرانی دابینکردنی سووتەمەنیی پێویست بۆ کارپێکردنی هەر سێ وێستگەکە. رایگەیاند،، ئاگرێکی گەورە لە شوێنی تەقینەوەکە کەوتووەتەوە و هێشتا بەردەوامە، هاوکات تیمە تایبەتمەندەکان سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی رووداوەکەن.

لای خۆیەوە، دەستەی بەرگریی شارستانیی سووریا ئاشکرایکرد، تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە لە وێستگەی گەرمیی تشرین و لە هەوڵی بەردەوامدان تاوەکو ئاگرەکە بکوژێننەوە و رێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری بکەن.

کۆمپانیای کارەبای سووریا روونیکردەوە، لەکارکەوتنی هاوکاتی ئەو سێ وێستگەیە، کەمییەکی زۆر لە بڕی وزەی بەرهەمهێنراو دروست دەکات و کاتژمێرەکانی بڕینی کارەبا زیاد دەکات، هاوکات جەختیکردەوە ، بەردەوام دەبن لە بڵاوکردنەوەی نوێترین زانیارییەکان لەبارەی دۆخی وێستگەکان و رەوشی دابەشکردنی کارەبا بەسەر هاووڵاتییاندا.