هێرشکرایە سەر پاسێک لە ناوەڕاستی سووریا و حەوت کەس کوژران

لە ئاکامی دەستڕێژی گوللە بۆ سەر پاسێک لە پارێزگای حومس لە ناوەڕاستی سووریا، حەوت کەس کوژران و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون، هێزە ئەمنییەکانیش دەستیانپێکردووە بۆ دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرانی پەلامارەکە.

پێنجشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا "سانا" بڵاویکردەوە، لە هێرشەکەدا پاسێکی گواستنەوەی هاووڵاتییانی مەدەنی کراوەتە ئامانج. هاوکات سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی فرانس پرێس راگەیاند، سەرنشینانی پاسەکە ئەندازیار و کرێکارانی کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتی کارەبا بوون.

ئەم پەلامارە لە کاتێکدایە، لە چەند مانگی رابردوودا چەندان هێرش و تەقینەوەی هاوشێوە لە سووریا تۆمار کراون، لە 22ـی ئابدا بەهۆی تەقینەوەی پاسێکی سەر بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە نزیک دیمەشق چەندین ئەندامی ئەو هێزە بریندار بوون، هەروەها لە سەرەتای هەمان مانگیشدا تەقینەوەیەک لە پاسێکی نەفەرهەڵگر لە جەرمانە لە نزیک دیمەشق بووە هۆی برینداربوونی 14 کەس.

سەرباری ئەمانەش، لە مانگی تەممووزدا دوو تەقینەوەی هاوکات بە بۆمبی چێنراو لە دەوروبەری ئەو هۆتێلە روویاندا کە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە سەردانەکەیدا بۆ دیمەشق تێیدا مابووەوە، دەسەڵاتدارانی سووریا رایانگەیاند ئەو شانەیەی لە پشت تەقینەوەکانەوە بووە سەر بە رێکخراوی داعش بووە.