زەوی بە رۆژنامەنووسانی کوردستان دەدرێت

سەبارەت بە دابینکردنی زەوی بۆ رۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان، نووسراوی فەرمی ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کراوە و تا ئێستا هەزار رۆژنامەنووس فۆڕمی وەرگرتنی زەوییان پڕکردووەتەوە.

لەوبارەوە ئازاد محەمەدئەمین، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەپێناو باشترکردنی گوزەرانی رۆژنامەنووسان، بڕیاردراوە پارچەیەک زەوی بەو رۆژنامەنووسانە بدرێت کە مەرج و رێنماییەکان دەیانگرێتەوە.

بە گوتەی نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسان، داواکارییەکان سەرەتا ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کرابوون و ئێستا رەوانەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کراون.

ئازاد محەمەدئەمین لەبارەی مەرجەکانی وەرگرتنی زەوی روونیکردەوە، رۆژنامەنووس دەبێت ئەندامی کارای سەندیکا بێت و ئابوونەی ساڵانەی خۆی دابێت، هاوکات هەر رۆژنامەنووسێک پێشتر لە رێگەی هەر پڕۆژەیەکی دیکەوە لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بووبێت، ناوی لە سیستمەکە دەردەکرێت و زەوی پێنادرێت.

باسی لەوەشکرد، سەندیکا لە مانگی 12ـی ساڵی رابردوو فۆڕمی وەرگرتنی زەویی لە لقەکان بڵاوکردەوە. بەپێی رێنماییەکان، ئەو رۆژنامەنووسانەی ئەندامی کاران، ئەندامانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان شایستەی وەرگرتنی پارچەزەوین.

سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان کە لە ساڵی 1998 دامەزراوە و ئەندامی فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتییە، لە رێکەوتی 1ـی 9ـی 2024ـەوە وەرگرتنی ئەندامی نوێی راگرتووە.