پزیشکیان: هەرگیز لە گفتوگۆ و دانوستان راماننەکردووە

 سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی هەرگیز لە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا راناکات، هاوکات ئاشکرایکرد بۆ دەربازبوون لە ئاستەنگییە دەریاییەکان، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە رێگەی سنوورە وشکانییەکانەوە لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دراوسێ بەرفراوانتر دەکەن.

پێنجشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ خاوەنکاران و چالاکوانانی ئابووریی گوتی: هەرچەندە ئەمریکا سەرەڕای واژۆکردنی رێککەوتننامە، سێ جار خاکی وڵاتەکەیانی کردە ئامانج، بەڵام ئێمە هیچ کاتێک لە گفتوگۆ راماننەکردووە و هەرگیزیش راناکەین.

ئەم لێدوانانە هاوکاتن لەگەڵ هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە وەڵامی فەرمیی ئەمریکای لەسەر پلانێکی پێشنیازکراوی 7 رۆژە بەدەستگەیشتووە. لەو پلانەدا داواکراوە تەواوی کردەوە سەربازییەکان لە ئێران و لوبنان رابگیرێن، دەستبەسەرداگرتنی ملیاران دۆلار لە سەرمایەی ئێران هەڵبوەشێنرێتەوە، سزاکانی سەر کەرتی نەوت لابرێن و گەمارۆی سەر بەندەرە ئێرانییەکان هەڵبگیرێت، لە بەرامبەردا تاران رێگە بدات هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورموزدا ئاسایی ببێتەوە و گفتوگۆ ئەتۆمییەکان دەستپێبکەنەوە.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆ و بازرگانیی دەرەکیش، سەرۆککۆماری ئێران جەختیکردەوە، بە شێوەیەکی جددی هەوڵی نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەم کەرتی بەرهەمهێنان دەدەن. هاوکات ئاشکرایکرد، سەرەڕای دروستبوونی سنووردارکردن لە رێگە دەریاییەکاندا، توانیویانە لە رێگەی دەروازە وشکانییەکانەوە قەبارەی هاوردە و هەناردە لەگەڵ عێراق، پاکستان، تورکمانستان و ئازەربایجان زیاد بکەن. پزیشکیان روونیکردەوە بڕیارە ئابوورییەکان پێویستە هاوتەریب بن لەگەڵ واقیعی کۆمەڵایەتیدا، و دڵنیایی دا کە هەماهەنگیی تەواو لەنێوان دەسەڵاتەکانی وڵاتدا هەیە بۆ چارەسەری کێشەکان.

ئەم جموجۆڵە لە کاتێکدایە، دەستەی بەرگریی شارستانیی ئێران ئاستی ئامادەباشیی لە 46 دامەزراوەی سەرەکیی وڵاتەکەیدا لەوانە پاڵاوگەکانی نەوت، وێستگەکانی کارەبا، بەندەر، پرد و فڕۆکەخانەکان بەرزکردووەتەوە لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانەکان، لە کاتێکدا پزیشکیان سەقامگیریی ئاسایشی لە کەنداو بەوەوە بەستەوە کە وڵاتانی ناوچەکە بە بەرپرسیارێتییەوە رەفتار بکەن.