کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، عێراق دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی ئاڵۆز
دوای 12 ساڵ، لەگەڵ کۆتاییهاتنی فەرمیی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە 30ـی ئەیلوولی 2026، کێشەی کۆنترۆڵکردنی چەک و هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان بووەتە گەرمترین پرسی ئەمنی و سیاسیی ئەو وڵاتە. سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی عێراق لە پلانی سەرەتاییدا کۆتایی مانگی ئەیلوولی وەک وادەی چەکدانان و تێکەڵکردنی گرووپەکان بە هێزە ئەمنییەکان دیاریکردبوو و دواتر پرۆسەکەی تاوەکو 30ـی حوزەیرانی 2027 درێژکردەوە، بەڵام کاردانەوەی لایەنە چەکدارەکان دابەشبوونێکی قووڵی بەخۆوە بینیوە.
بەگوێرەی راپۆرتە فەرمییەکان، هەڵوێستی هێزە چەکدارەکان بەسەر دوو ئاراستەی تەواو پێچەوانەدا دابەش بووە، بەشێکیان بە دەنگ بڕیارەکەوە هاتوون و بەشەکەی دیکەش بە تەواوی رەتیدەکەنەوە.
ئەو گرووپانەی بەرەو رادەستکردنی چەک هەنگاویان ناوە:
لە کاتێکدا دەنگۆکان لەسەر ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی بڕیارەکە چڕ بوونەتەوە، تا ئێستا سێ گرووپی چەکدار دەستپێشخەرییان بۆ هەماهەنگی لەگەڵ سوپا و حکوومەت نیشانداوە:
1- سەرایا سەلام (سەر بە رەوتی سەدر): بەپێی زانیارییە ئەمنییەکان، سەرایا سەلام پرۆسەی رادەستکردنی چەکەکانی دەستیپێکردووە و بەرپرسیارێتیی دۆسیەی ئەمنیی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتیدا بوون رادەستی سوپای عێراق کردووەتەوە.
2- عەسائیب ئەهلی حەق (بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی): هەڵوێستی فەرمیی خۆی راگەیاندووە، لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان چەک بەدەستەوە ناگرێت و هەنگاوی کرداریی بۆ رادەستکردنی چەکە قورسەکان دەستپێکردووە.
3- کەتیبەکانی ئیمام عەلی (بە سەرکردایەتیی شبل زەیدی): لە رێگەی پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی تەکنیکی و ئەمنییەوە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری، دەستی بە هەنگاوەکانی رادەستکردنی چەک کردووە.
بەرەی رەتکردنەوە، مەرجە سەختەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق:
لە بەرامبەردا، ئەو گرووپانەی لەژێر چەتری مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کۆبوونەتەوە و لەلایەن تارانەوە پشتیوانی دەکرێن، کشانەوەی ئەمریکا بە سەرکەوتنی سەربازیی خۆیان دەزانن و بە توندی رادەستکردنی چەک رەتدەکەنەوە، لەوانە:
1- کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق: ئەبو حوسێن حەمیداوی، ئەمینداری گشتیی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق، لەگەڵ جەعفەر حوسەینی گوتەبێژی سەربازی، جەختیانکردووەتەوە، پابەندی هیچ وادە و لێکتێگەیشتنێکی فەرمیی حکوومەت بۆ چەکدانان نابن. هەرچەندە ئەو هێزە چالاکییە سەربازییەکانی بە شێوەیەکی کاتی راگرتووە، بەڵام رایگەیاندووە چەکەکانیان وەک خۆی دەمێنێتەوە و مافی پاراستنی سەروەری و بەئامانجگرتنی ئامانج و فڕۆکە دژبەرەکان لە ئاسمانی عێراقدا بۆ خۆیان دەپارێزن.
2- بزووتنەوەی نوجەبا، کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا و ئەنساروڵڵا ئەوفیا: دانانی چەکیان بەستووەتەوە بە چەند مەرجێکی ئاڵۆزی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە، لەوانە دڵنیابوونەوە لە نەگەڕانەوەی هیچ جۆرە هەژموونێکی ئەمریکا، دەرکردنی تەواوەتیی هێزەکانی تورکیا لە خاکی عێراق کە لە نزیکەی چوار هەزار سەرباز و پێنج بنکەی سەربازی پێکدێن، دەرکردنی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و چەکدارانی پەکەکە، هاوکات دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو تا رێگری لە بەکارهێنانی ئاسمانی وڵات دژی ئێران بکرێت.
قەبارەی جبەخانە و ئامارە سەربازییەکانی گرووپە چەکدارەکان:
بەپێی هەڵسەنگاندنی ناوەندە ستراتیژییەکانی ئەمریکا و پەیمانگای لێکۆڵینەوەی جەنگ (ISW)، ئەو گرووپانەی لە چوارچێوەی بەرەی مقاوەمەدا چەکدانان رەتدەکەنەوە نزیکەی 10 گرووپی جیاوازن و ژمارەی چەکدارەکانیان بە نزیکەی 50 هەزار چەکدار دەخەمڵێنرێت، کە تەنیا کەتیبەکانی حزبوڵڵا خاوەنی نزیکەی 10 هەزار چەکداری راهێنراون.
ئەم گرووپانە خاوەنی جبەخانەیەکی پێشکەوتوون کە مووشەکی بالیستی کورت و ناوەندمەودا، مووشەکی کروز، درۆنی هێرشبەری بۆمبڕێژکراو و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی دەستی لەخۆدەگرێت. ئەم دۆخە لە کاتێکدایە بەپێی راپۆرتەکانی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، زیاتر لە شەش ملیۆن پارچە چەکی دەرەوەی یاساش لە دەستی عەشیرەت و هۆزە و هاووڵاتییاندایە.
ئایندەی سەقامگیریی عێراق
چاودێرانی ئەمنی پێیان وایە، کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە رووی شەڕی داعشەوە بۆشایی دروست ناکات، بەڵام کێشەی سەرەکی بریتییە لە سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و یاسا بەسەر ئەو میلیشیایانەی چەکی قورس و ستراتیژییان لە دەستدایە. ئەمەش دەریدەخات کە خشتەی کاتیی حکوومەت تاوەکو حوزەیرانی 2027 بەردەوام رووبەڕووی بەربەستی گەورەی سیاسی و سەربازی دەبێتەوە.