پسپۆڕێکی ئەمنی: تەمەنی مانەوەی گرووپە چەکدارەکان تا ناوەڕاستی 2027 درێژکراوەتەوە

لە کاتێکدا گرووپە چەکدارەکان لە ئاستی ئاڵنگارییەکی ئەمنیی سنووردار تێپەڕیون و بوونەتە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ لەسەر شەرعییەت و ئابووریی دەوڵەت; حکوومەتی عێراق پەنای بۆ ستراتیژییەتی "فشاری بێدەنگ" و گەمارۆدانی یاسایی و دارایی بردووە، بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوە یان تێکەڵکردنیان بە دامەزراوە فەرمییەکان بەبێ پەلکێشکردنی وڵات بۆ شەڕێکی خوێناویی ناوخۆیی.

پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەیف رەعد، پسپۆڕی ئەمنی و ستراتیژی، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی بەشی عەرەبیی کوردستان24 ئاشکرای کرد، مامەڵەی فەرمیی حکوومەت لەگەڵ دۆسیەی چەکی دەرەوەی دەوڵەت، لەبری پەنابردن بۆ پێکدادانی سەربازی کە مەترسیی شەڕی ناوخۆی لێ دەکەوێتەوە، بەرەو رێگەی "فشاری کارگێڕی، ئابووری و وشککردنی سەرچاوەکانی دارایی" دەڕوات.

سەیف رەعد ئاماژەی بەوە کرد، پابەندبوونی هەندێک لە گرووپەکان بە چەکەکانیانەوە پەیوەستە بە ئایدۆلۆژیایەکی هەرێمی لە چوارچێوەی ئەوەی بە "بەرەی مقاوەمە" ناسراوە و، لاوازیی بەرگریی ئاسمانی و چەتری "دەستەی حەشدی شەعبی" دەکەنە پاساوی مانەوەیان، سەرەڕای ئەوەی توانای رووبەڕووبوونەوەی هیچ هێرشێکی ئاسمانییان نییە.

ئەو پسپۆڕە ئەمنییە روونی کردەوە، جیاکردنەوەی باڵی سیاسیی حزبەکان لە باڵی سەربازییان، تەنیا رێکارێکی رووکەشە بۆ خۆدزینەوە لە مەرجەکانی یاسای حزبەکان؛ چونکە حکوومەت دەزانێت جێبەجێکردنی دەستبەجێ و توندی یاساکە دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی چەندین کوتلەی گەورەی پەرلەمانی.

هەروەها سەیف رەعد پەردەی لەسەر پلانێکی حکوومەت لادا بە ناوی "گۆشەگیرکردن و پەکخستنی یاسایی و کارگێڕی" کە تا ناوەڕاستی ساڵی 2027 درێژ دەبێتەوە؛ ئەم نەخشەڕێگایە ئامانجی تێکەڵکردنی قۆناخ بە قۆناخی چەکدارەکان، پەراوێزخستنی ئەو لیوایانەی پابەند نابن و بڕینی مووچە و شایستەکانیانە، تا دەگاتە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی دادوەری بۆ سەرکردە یاخیبووەکان.

جەختیشی کردەوە کە لایەنەکان دەتوانن کارتی کشانەوە لە هاوپەیمانیی "بەڕێوەبردنی دەوڵەت" وەک ڤیتۆیەک بەکاربهێنن بۆ سەندنەوەی شەرعییەت لە هەر هێزێکی چەکداری نایاسایی.

لە لایەکی دیکەوە، غالب دەعمی، مامۆستا لە زانکۆی موستەنسرییە لە بەغدا، بە کوردستان24ـی گوت: دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا لە عێراق، هیچ پاساو و بیانوویەک بۆ مانەوەی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نامێنێتەوە و، دەبێت ئەو گرووپانە یان چەکەکانیان رادەست بکەن، یان بە تەواوەتی هەڵبوەشێنرێنەوە و بخرێنە ناو دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکانەوە.

سەبارەت بە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن، دەعمی پێشبینی کرد، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بڕگە یاساییە توندەکان کارا بکرێن کە رێگری لە بەشداریکردنی هەر لایەنێکی خاوەن باڵی چەکدار دەکات و، جەختی کردەوە کە ئەو هێزانە ناتوانن لە دەسەڵاتی یاسا یاخی ببن.

هاوکات ئاماژەی بە بوونی نیگەرانیی ئەمنی لە نێو سەرجەم پێکهاتەکانی شیعە، سوننە و کورد کرد لە قۆناخی دوای کشانەوەی هێزە بیانییەکان، بەڵام جەختی کردەوە کە دەوڵەت و دامەزراوە شەرعییەکان تاکە گەرەنتین بۆ پاراستنی خاکی عێراق لە هەر هەڕەشەیەک.