وەزیری وزەی ئەمریکا: بەرژەوەندی ئەوروپا لەوەدایە هاوکاریی ئەمریکا بکات
ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتانی ئەوروپا بەرژەوەندییان لەوەدایە لە دۆسیەی سووتەمەنیی گازوایل هاوکاریی واشنتن بکەن، لە کاتێکدا ئیدارەی ئەمریکا هەوڵدەدات لە رێگەی گرتنەبەری چەندان رێگەچارەوە قەبارەی بەرهەمە نەوتییە پاڵێوراوەکان زیاد بکات و رێگری لە بەرزبوونەوەی پێوانەیی نرخەکان بگرێت.
پێنجشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکان، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت وڵاتانی ئەوروپا بەشێک لە یەدەگی ستراتیژیی گازوایلی خۆیان بخەنە بازاڕەوە تاوەکو رێگری لە هەڵکشانی لەڕادەبەدەری نرخی ئەو سووتەمەنییە بکرێت. لەو چوارچێوەیەدا، کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لە کۆشکی سپی رایگەیاند: "بەم زووانە بڕیاری نوێ لە دۆستە ئەوروپییەکانمانەوە دەبیستن سەبارەت بە خستنەڕووی بڕێکی نوێ لە گازوایل بۆ بازاڕەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینێکی بەرچاو لە نرخەکاندا".
حکوومەتی ئەمریکا بە هەموو شێوازێک هەوڵی کۆنترۆڵکردنی نرخی گازوایل دەدات کە گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی و کاریگەریی توندی لەسەر چەندین کەرتی ئابووری دروستکردووە، بەتایبەت دوای ئەوەی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆکرانیا بووەتە هۆی تێکچوونی هێڵی دابینکردنی ئەو سووتەمەنییە لەسەر ئاستی جیهان.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ بۆ ماوەیەکی کاتی پشتیوانیی لە داوای ژمارەیەک یاسادانەر کردبوو بۆ قەدەغەکردنی کاتیی هەناردەکردنی گازوایلی ئەمریکی بە مەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ و دابەزاندنی نرخەکان لە ناوخۆی ئەمریکادا، بەڵام پێدەچێت ئێستا لەو بژاردەیە پاشەکشەی کردبێت.
بەپێی شیکارییەکانی بانکی مۆرگان ستانلی، ئەمریکا بڕێکی زیاتر لە قەبارەی بەکاربردنی ناوخۆیی گازوایل بەرهەمدەهێنێت، بە جۆرێک رۆژانە 1.3 ملیۆن بەرمیل هەناردە دەکات و تەنیا 0.2 ملیۆن بەرمیل هاوردە دەکات. شارەزایانیش هۆشداری دەدەن کە راگرتنی هەناردەکردن وا دەکات تانکی و کۆگاکانی کەناراوەکانی کەنداو لە ماوەی نزیکەی سێ هەفتەدا بە تەواوی پڕ ببن.