پووتین: جیهان پێوستی بە سیستمێکی نوێی نێودەوڵەتی هەیە
سەرۆکی رووسیا لە میانی وتارێکیدا لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی "ڤاڵدای" لە مۆسکۆ رایگەیاند، پێویستە سەرجەم وڵاتانی جیهان لە رۆژهەڵات، رۆژئاوا، باکوور و باشوور زوو یان درەنگ لەسەر بنەماکانی سیستمێکی نوێی جیهانی رێکبکەون، هاوکات هۆشداریی دا لە روودانی سیناریۆی کارەساتبار کە رەنگە مرۆڤایەتی بەرەو لێواری لەناوچوون ببات.
پێنجشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، فلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا، لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی "ڤاڵدای" لە مۆسکۆ رایگەیاند، مرۆڤایەتی تا ئێستا بە تەواوی لە قەبارەی ئاستەنگە هەنووکەییەکان تێنەگەیشتووە و ئەم قۆناخەی ئێستا دەستپێکی واقیعێکی تەواو نوێیە. سەرۆکی رووسیا باسی لەوەش کرد: "تەواوی ژیانمان بەرەو گۆڕانکاری دەڕوات، پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا لە کاتێکدا دەرفەت بۆ باشترکردنی ژیان دەڕەخسێنێت، لە هەمان کاتدا مەترسییەکانی کاولکاری زیاتر دەکات".
سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، بەشێکی زۆر لە یاسا و رێسا کۆنە نێودەوڵەتییەکان وەلانیراون، لە کاتێکدا هێشتا یاسای نوێ بۆ جێگرتنەوەیان دانەنراون. پووتین جەختیکردەوە کە بەرپرسیارێتی بەرامبەر داهاتووی هاوبەش تەنیا دروشمێکی رووت نییە، بەڵکو زنجیرەیەک هەنگاوی کردارییە بە مەبەستی رێگریکردن لە کەوتنی مرۆڤایەتی بۆ لێواری نەمان و پێشگرتن لە روودانی کارەساتی قەرەبوونەکراو.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پووتین باسی لەوە کرد، ئاراستە نیگەرانکەرەکانی سەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی وا دەخوازن پێش هەر شتێک بیر لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی جیهانی بکرێتەوە. ئاشکراشیکرد کە ئەم وەرچەرخانەی جیهان پێیگەیشتووە کورت نابێتەوە لە سیاسەتدا، بەڵکو گۆڕانکارییەکان سەرجەم کایەکان دەگرنەوە، لە تەکنەلۆژیا و پێکهاتەی کۆمەڵایەتییەوە تا دەگاتە کەشوهەوا، پزیشکی، کەرتی سەربازی، ئاسایشی وزە، ژیریی دەستکرد و شێوازە نوێیەکانی گەشەپێدانی ئابووری.
پووتین دووپاتیکردەوە قەبارەی ئەو گۆڕانکارییانەی روویانداوە و لە داهاتووشدا دێن زۆر گەورەن و مرۆڤایەتی لە سەرەتای واقیعێکی تەواو جیاوازدایە کە نادڵنیایی و پێشبینینەکراوی بەسەریدا زاڵە.